مەلا بەختیار: هیچ ئومێدێكم نییە كێشە بنەڕەتییەكانی عیراق، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بكرێت


وێستگەنیوز_

مەلا بەختیار، لەگەڵ لوككاس گەسێر، باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عیراق کۆبووەوە و لای خۆیەوە باڵیۆزی سویسرا رایگەیاند، "تێڕوانینەكانی رابردووی بەڕێز مەلا بەختیار، بەتایبەت سەبارەت بەئۆكرانیا، خوێندنەوە و شرۆڤەیەكی وورد و قوڵی سیاسی بوون و بێ‌ زیاد و كەم، وەكو خۆی هاتنەدی، كە ئەمە بۆ ئێمە مایەی سەرسوڕمان و پێزانین بوو."

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 23ی 6ی 2022، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، پێشوازی لە لوككاس گەسێر، باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عیراق كرد. لەگفتوگۆیەكی هەمەلایەنەشدا، هەلومەرجی سیاسی ئێستای عیراق و ئەو ئاڵنگارییانەشیان تاوتوێ‌ كرد، كە سەرەنجامی دۆخی دوای هەڵبژاردنەكان هاتونەتە ئاراوە.

لەدیدارەكەدا، لۆككاس گەسێر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، "شرۆڤە و خوێندنەوە دروستەكانت بۆ رووداوەكانی ئۆكراینا و شەڕی رووسیا، بێ‌ زیاد و كەم، وەكو خۆی هاتنەدی، كە ئەمە بۆ ئێمە مایەی سەرسوڕمان و پێزانین بوو."

راشیگەیاند: "ئەم سەردانەشم بۆ لای بەڕێزتان، بەهۆی تەواوبوونی ئەركەكەم، دوا سەردان دەبێت، بەڵام دەمەوێ‌ بڵێم، ئەوەی وایكرد كە بەر لەتەواوبوونی ئەركەكانم ئەم دیدارو سەردانە ئەنجامبدەم، خوێندنەوە قوڵ و ورد و دروستەكانی بەڕێزتان بوو لەدیدارەكەی رابردووماندا، بۆیە بڕیارمدا جارێكی تر بێمەوە سلێمانی و سەردانتان بكەم. چونكە لەدیداری رابردوومانەوە، بەباشی تێگەیشتن كە بەڕێزتان چەند بەقوڵی و وردبینییەوە لەدۆخە جیاوازەكان ‌و هەلومەرجە سیاسییەكان دەڕوانن.

لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، بەسوپاسەوە لەوتەكانی لۆككاس گەسێر، باڵیۆزی سویسرای لەئوردن و عیراق روانی و هاوكات هیوایخواست باڵیۆزی نوێش، لەڕاپەڕاندن و ئەركە دیپلۆماسییەكانیدا سەركەوتوو بێت. 

هاوکات مەلا بەختیار رایگەیاند، "دۆخی عیراق، هێڵ و پاكێجێكی پێكەوە بەستراوە! ئەوروپا و سویسراش، بەم هەڵبژاردن ەو هەڵبژاردنەكانی رابردووش، هیچ باوەڕ مەكەن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شتێك هەبێ‌ بەناوی دیموكراسی! ئەوەی هەیە تەنها تێستی دیموكراسییە و هێشتا زۆری ماوە، رەنگە 25 ساڵی تری پێویستبێ‌! چونكە دیموكراسیی پرۆسێسێكی درو درێژە، بەهەڵبژاردنێك یان دووان و سیان، نایەتەدی!"

وتیشی، "ئەو شەڕانەی ئێستا لەعیراق، یەمەن، سوریا، لیبیا و جەزائیر لەنێوان هێزە ئیسلامییەكان و هێزە مەدەنییەكان هەیە، تێكەڵ بەخەباتی سیاسی دیموكراسی بووە و جیاوازییەكەشی لەگەڵ رۆژئاوا ئەوەیە،  لە رۆژئاوا شەڕ لەنێوان فێندەمەندتالیستەكان و هێزە ئەقلانییەكان و فەلسەفییەكان، پێش شۆڕشی دیموكراسی كران و كۆتایی هات. ئەمەش زەمینەی بۆ سەركەوتنی شۆڕشی دیموكراسی لەڕووی فكرەوە، ئەقڵەوە، فەلسەفەو كۆمەڵایەتییەوە خۆشكردبوو."

مەلا بەختیار، جەختیشی کردەوە لەوەی: "مەترسیدارترین بابەت بۆ سەر دیموكراسی، تێكەڵكردنی ئەقڵی تائیفییە بەدەسەڵاتی سیاسی. هەروەكو ئێستای عیراق، یەمەن، لیبیا، سوریا و لوبنان و تەنانەت میسریش وایە!"

لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا وتی، "هیچ ئومێدێكم نییە كێشە بنەڕەتییەكانی عیراق، كێشەی نێوان شیعە و سوننە، شیعەو شیعە لەنێوان خۆیاندا، كورد و شیعە و سوننە، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بكرێت! لەبەرئەوەی فاكتەری پاسیفیزم، زۆر زاڵترە بەسەر فاكتەری پۆزەتیزم لەسیاسەتدا. ئەمەش هەڕەشەو مەترسییە بەردەوامەكەیە. بۆیە تەنها چارەسەری كاتی لەعیراقدا بوونی هەیە، نەك چارەسەری بنەڕەتی!"


PM:04:39:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو