سه‌نته‌ری میترۆ: چاودێری جێبەجێكردنی دوو بریارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین


وێستگه‌نیوزـ

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان پێشوازی لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2013 و چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دوو بریارە دەكات.


لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممە 22ی حوزەیرانی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

بە پێی راگەیه‌ندراوی فه‌رمی كۆبونەوەكە، سەرۆك وەزیران بە ئاماژەكردن بە دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان، وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی راسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی راگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و روونكردنەوە دەربارەی كار و چالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی راگەیاندن و رای گشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە رووی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی رای گشتی.

دواتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیازی كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، ژمارە 11 ی ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە رێگەی دەركردنی رێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە رۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان رێك بخرێتەوە.

سەنتەری میترۆ لە رۆژی دامەزراندنییەوە لە 11ی ئابی 2009، چاودێری جێبەجێكردنی یاسای ژماە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان و پاشانیش لە رۆژی دەرچوونی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، داوای دەركردنی رێنمای بۆ یاساكە كردوە كە كراوە بە ئاستەنگ لە بەردم جێبەجێكردنی.

سه‌نته‌ری میترۆ جەخت لە هەڵوێستەكانی رابردووی ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە، مەبەستمانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان. ئەمەش لە ئەنجامی زانیاری دروستەوە بەرجەستە دەبێت".

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە پێشوازی لە بریارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وه‌زیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،  ژمارە 11 یساڵی 2013، چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دوو بریارە دەكات كە لە ئەگەری لادان و جێبەجێنەكردنیان راپۆرتی چاودێری خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت.


PM:02:46:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت