پەیامنێرانی بێسنوور: وێنەگرێکی دیاری ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کوژراوە

‌ماکس لێڤین وێنەگری دیاری ئۆکرانی

وێستگه‌نیوزـ

به‌پێی لێکۆڵینەوەیەکی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ماکس لێڤین وێنەگری دیاری ئۆکرانی و دروستکەری فیلمە بەڵگەنامەییەکان و سەربازێکی ئۆکرانیا کە هاوەڵی کردووە بەمەبەستی پاراستنی، لە مانگی سێدا لەنزیک کیێڤ لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کوژراون، ئەوەش لەکاتێکدا بووە ماکس و سەربازەکە بەشوێن دڕۆنەکەیاندا گەڕاون کە لەو ناوچەیەدا لێیان ونبووە.


رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (ئاڕ ئێس ئێف ) لە راپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوەدا لێکۆڵینەوەکان لە 24ی ئایاره‌وه‌ بۆ 3 ی حوزه‌یرانی 2022 ئەنجامدراون، ئەو زانیاریی و بەڵگانەی دەستیان کەوتووە ئاماژە بەوە دەدەن لێڤین و ئۆلێکسی چێرنیشۆڤی پاسەوانی لە 13ی مانگی ئازاری ئه‌مساڵدا لە دارستانێکی دەوروبەری گوندی موشچون لەنزیک کیێڤ لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کوژراون، "ئەگەری هەیە کوشتنەکەیان دوای لێپێچینەوە و تەنانەت ئەشکەنجەدانیش بووبێت".

لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن ئاڕنۆد فرۆگەری، بەڕێوه‌بەری لقی لێکۆڵینەوەکانی ئاڕ ئێس ئێف و پاتریک چۆڤێڵی فەڕەنسی کە وێنەگرێکی جەنگە ئەنجامدراون، چۆڤێڵ لە ئۆکرانیا لەگەڵ لێڤیندا کاریکردووە، ئاماژە بەوە دەدات لێڤین و چێرنیشۆڤ لەکاتێکدا هەوڵیانداوە ئەو دڕۆنە بدۆزنەوە کە لێڤین بۆ رووماڵکردنی داگیرکارییەکەی رووسیا بەکاریهێناوە، لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە دەستگیرکراون.

ئاڕ ئێس ئێف دەڵێت دۆزینەوەی بەڵگەکانی وەک فیشەک و ناسنامە و شتی دیکە لەگەڵ پشکنینەکانی دی ئێن ئەیدا ئاماژە بەوە دەدەن سەربازانی رووسیا لە شوێنەکەدا بوون، ئۆتۆمبێلەکەی لێڤین و شتەکانی دیکەی بەڵگە بوون لەسەر ئەوەی لێڤین و پاسەوانەکەی کوژراون.

دیلاوەر، سکرتێری گشتی ئاڕ ئێس ئێف کریستۆف وتی: "شیکارییەکانی وێنەکانی شوێنی روودانی تاوانەکە و ئەو تێبینیانەی کە لەو شوێنەدا وەرگیراون، هەروەها ئەو بەڵگانەشی کە دۆزراونەتەوە لە شوێنەکەدا، بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن پێش کوشتنەکە رەنگە لێپێچینەوە یاخود تەنانەت ئەشکەنجەدانیش ئەنجام درابێت".

وتیشی: "ماکس لێڤین و هاوڕێکەی بە ژیانی خۆیان باجی بڵاوکردنەوەی زانیاری راستییان داوە، قەرزاری ئەوانین. دەجەنگین لە پێناو دۆزینەوە و ناسینەوەی ئەو کەسانەدا کە لێڤین و هاوڕێکەیان کوشتووە".

ماکس لێڤینی تەمەن 40 ساڵ یەکێکە لەو هەشت رۆژنامەنووسەی کە لە ماوەی ئەنجامدانی کارەکانیاندا لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا کوژراون. لە 2ی نیسانی ئه‌مساڵدا تەرمەکەی لە دارستانێک دۆزرایەوە.

ماکس لێڤین باوکی چوار منداڵە و لەگەڵ زۆرێک لە دەزگا راگەیاندنە نێودەوڵەتی و ئۆکرانییەکاندا کاریکردووە، لەوانەش رۆیتەرز و بی بی سی و ئەسۆشیەتد پرێس.

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا


PM:01:54:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت