گرژی کەوتە نێوان دانیمارک و رووسیاوە

‌وێنەی کەشتییە رووسیەکە لە باکووری دەریای بەڵتیک

وێستگەنیوز_

دوای زیاتر لە 100 رۆژ لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە ئێستادا گرژی سەربازی کەوتووەتە نێوان رووسیا و دانیمارک.

بەپێی هەواڵێکی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، دوێنێ هەینی 17ی حوزەیرانی 2022، سوپای دانیمارک ئاشكرایکردووە، كەشتییەكی جەنگی رووسیا لە باكووری دەریای بەڵتیك بۆ دوو جار سنووری ئاویی وڵاتەكەی بەزاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەشتییە جەنگییەکەی رووسیا بەرەبەیانی هەینی کاتژمێر 12:30 خولەک بە کاتی ناوەندی ئەمریکا بەبێ مۆڵەت چووەتە ناو ئاوەکانی دانیمارک و دوای چەند کاتژمێرێک پێشێلکارییەکەی دووبارە کردووەتەوە."

دەشڵێت، "لە دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن هێزی دەریایی دانیمارکییەوە، کەشتییە رووسیەکە  دەریاکەی جێهێشتووە بەڵام ئەوە سنووربەزاندنە."

سەبارەت بەو بابەتە، جيبی كوفود، وەزیری دەروەی دانیمارک لە تویتیکدا ئاماژەی بەوداوە، "ئەوەی روویداوە هەڵسەکەوتێتی توڕەکەرانەی نا بەرپرسیارانەی رووسیایە کە هەرگیز قبوڵی ناکەین. 

جەختیشی کردەوە لەوەی، "بە باڵیۆزی رووسیامان لە دانیمارک راگەیاندووە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە."

ئەوەی جێگەی سەرنجە، رووسیا لەو بارەیەوە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 100 رۆژە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و پەیوەندی رووسیاش لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت.


AM:10:07:18/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت