بریاری ناردنی یەکەم فرۆکەی پەنابەرانی بەریتانیا بۆ رواندا هەڵوەشایەوە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند، گومانیان هەیە ناردنی پەنابەران بۆ رواند یاسایی بێت و داوایان لە حکومەتی بەریتانیا کرد کە ئەو پەنابەرانە بهێڵێتەوە و فرۆکەکە نەفرێت. بەڵام دوو وەزیری ئەو وڵاتە دەڵێن، "دەبێت لە گەشتی داهاتوودا ئەو پەنابەرانە بنێردرێن."
 
سەبارەت بە پرسی نەفڕینی فرۆکەکە و هەڵپەساردنی بریارەکە، پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرایکرد، بێهیوابووە و ئاڵەنگارییە یاساییەکان و وتەکانی دوا خولەک وایانکرد فڕۆکەکە نەفڕێت و رەخنەیەکی زۆر گەورەش لە یاساکە گیرا. 

ئەو وەزیرە بەریتانیە جەخت دەکاتەوە لەوەی، "واز ناهێنین و تیمە یاساییەکانمان کار لەسەر پێداچوونەوە بە کاروبارەکانی ئەم فڕۆکەیەدا دەکەن و ئامادەکاری بۆ ناردنی فڕۆکەی دووەم لە ئێستاوە دەستیپێکردووە."

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سەرەتاوە بڕیاربوو رەوانەی رواندا بکرێن، 130 کەس بوون، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا حەوت کەسیان مانەوە و ئەو حەوت کەسە شەوی رابردوو بلیتی گەشتەکەیان بۆ ئامادە کرا، بەڵام لە دوا ساتەکاندا بەهۆی گوشاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بڕیاری ناردنی ئەوانیش هەڵوەشایەوە.
 
راستەوخۆ پاش بیستنی بریارەکە، پەنابەرەکان بە جۆش و خرۆشەوە سوپاسگوزاری خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەربڕی و چونکە پێشتریش رایانگەیاندبوو، "چارەنووسیان لە رواندا روون نییە."


AM:09:55:15/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت