وەزیری دارایی عیراق: یەدەگی نەختینەیی بەرزدەکەینەوە و هەڵئاوسانی ئابووری کەمدەبێتەوە


وێستگەنیوز_

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، تاکۆتایی ساڵی 2022 یەدەگی نەختینەیی بانکی ناوەندی بۆ 90 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمبوونەوەی هەڵئاوسانی ئابووری لە عێڕاق.

ئەمرۆ چوارشەممە 25ی ئایار، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بە میدیای فەرمی عیراقی رایگەیاند، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بووەتە هۆی زیادبوونی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی عێراقدا.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتی ئیدارەدانی دارایی باش لە عێڕاق یەدەگی دراو لە بانکی ناوەندیدا لە مانگی نیساندا بووەتە 70 ملیار دۆلار.

دەشڵێت، "چاوەڕێ دەکەین لە ساڵی 2022دا بەهای یەدەگی بانکی ناوەندی بگاتە 90 ملیار دۆلار."

لە ساڵی 2020، بە هۆی دابەزینی یەدەگی نەختینەیی بانکی ناوەندی عێراقەوە، بانکی ناوەندی بریاریدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزێنێت، بە وتەی شارەزایانی ئابووری، "ئەم دابەزاندنی نرخی دینارە هۆکار بوو بۆ بە بەهێزی مانەوەی ئابووری عیراق و زیادبوونی یەدەگی نەختینەیی بانکی ناوەندی."





PM:12:28:25/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت