هاوڵاتییەکی عیراقی لە هەوڵێکی کوشتنی جۆرج بوش شکستدەهێنێت

‌جۆرج بوشی باوک و جۆرج دەبلیو بوشی کوڕ

وێستگەنیوز_

ئۆفیسی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فیدراڵی-FBI رایگەیاندووە، پلانێکی  تیرۆرکردنی جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکایان ئاشکراکردووە کە ئەنجامدەرەکەی هاوڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵی عێراقی بووە.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەری The Guardianی بەریتانی، ئەو هاوڵاتییە عێراقییە ناوی شەهاب ئەحمەد-ە و بیری داعش و تووندڕەوی هەبووە، ویستوویەتی لە تۆڵەی شەڕی ئەمریکا لە دژی عێراق، جۆرج بوش، 43هەمین سەرۆکی ئەمریکا تیرۆر بکات.

رووداوەکە بە جۆرێک بووە، شەهاب ئەحمەد لە ساڵی 2020 بە ڤیزای سەفەر هاتووەتە ئەمریکا و نەگەڕاوەتەوە و لە ساڵی 2021 داوای مافی مانەوەی کردووە.

پاشان لە چێشتخانەیەکی شاری کۆڵومبس، لە ویلایەتی ئۆهایۆ  کاری کردووە. پاش ماوەیەک، داوای لە چەند کەسێک کردووە ماڵی جۆرج بوشی لە داڵاسی تێکساس نیشانبدەن، کەسەکان لەگەڵی رۆیشتوون و ماوەیەک لە رێگەی واتسئەپەوە نامە و ڤیدیۆیان لەگەڵی ئالوگۆڕ کردووە، دواتر ئاشکرا بووە ئەو کەسانە کاریان بۆ هەواڵگری ئەمریکا کردووە و دەستگیریان کردووە.

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، شەهاب لە مانگی مارسدا لەسەر چەک و ساختە کردنی ناسنامە راهێنانی کردووە تا لە پیلانی تیرۆرەکەدا بەکاریانبهنێت. هەروەها دانی بەوەداناوە کە سەر بە گروپێکی چەکدارییە بەناوی ''رەعد''.

وەک باشترکردن و دڵنیابوون لە سەرگرتنی پلانەکەی، ئەو هاوڵاتییە عیراقیە هەوڵی داوە 7 چەکداری داعش لە وڵاتانی تورکیا، میسر، دانیمارک و عێراقەوە لە رێگای مەکسیکەوە بە ڤیزای گەشتیاری بباتە نێو ئەمریکا و پاشان جۆرج بوش لە ئۆفیسەکەی یان لە ناو ماڵەکەی بکوژن.

راپۆرتەکەی زە گاردیان ئاماژە بەوەش دەکات، شەهاب بە تاوانی مانەوەی نایاسایی لە ئەمریکا ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەکرێت، ئەگەر پلانی تیرۆری جۆرج بوشی بەسەردا ساخبێتەوە ئەوە ماوەی 20 ساڵ بەند دەکرێت.


AM:10:49:25/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو