ئەمریکا 40 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا تەرخاندەکات

‌پاکێجی هاوکاری ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، فۆتۆ: AFP

وێستگه‌نیوزـ

کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی دیکە بۆ هاوکاریی سەربازی و مرۆیی ئۆکرانیا پەسه‌ند دەکات کە بڕەکەی 40 ملیار دۆلارە.
 
رۆژی پێنجشەممە 19ی ئایاری 2022، بە 86 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 11 دەنگی نەخێر، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پاکێجی تایبەت بە هاوکاریی ئۆکرانیا تێپەڕاند. پاکێجێک کە یەکسانە بە کۆی بەرهەمی نیشتمانی کامیرۆن لە ساڵی 2020دا.  
 
دوای ئەوەش چاوەڕواندەکرێت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بکات بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئۆکرانیا خەرجبکرێت.

هاوکات، دەنگی ناڕازیش لەبەرامبەر ئەو پاکێجە لە ئەنجومەنی پیران هەبوون؛ میچ مەککۆنێڵ، سەرکردەی کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران وتی: ئەو هاوکارییانەی بۆ ئۆکرانیا دابیندەکرێن، سەروو ئاستی بەخشینن. بایدن وتیشی: "داهاتووی ئاسایشی ئەمریکا و بەرژەوەندیی ستراتیژییەکەی لەسەر ئەنجامی جەنگی ئۆکرانیا بەنددەبێت".
 
لەو بڕە هاوکارییە شەش ملیار دۆلاری بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی زریپۆش و هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا تەرخانکراوە و نزیکەی نۆ ملیار دۆلاریش بۆ دامەزراوەکانی وڵات و هاوکاریی مرۆیی تەرخانکراوە.
 
لە نیوەی مانگی ئاداردا کۆنگرێس 14 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریی ئۆکراینا پەسه‌ندکرد. لەو کاتەوەی کە سوپای رووسیا لە دەوروبەری کیێڤ کشایەوە و سەرنجی ئۆپەراسیۆنەکەی خستووەتە سەر بەرەی رۆژهەڵات، بایدن داوای لە کۆنگرێس کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتر بۆ ئۆکراینا پەسه‌ند بکات.
 
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەو 40 ملیار دۆلارەی بۆ ئۆکراینا پەسه‌ندکرد. بە واژۆکردنی بایدنیش لەسەری، کۆی هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەگەیێنێتە 50 ملیار دۆلار کە لەو کاتەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکە دەستیپێکردووە، ئەمریکا بۆی تەرخانکردووە.
 


PM:02:23:20/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت