مستەفا کازمی: پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک پەسەندبکرێ پێویست ناکات حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت

‌‌مستەفا کازمی‌، سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق

وێستگەنیوز_

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک پەسەندبکات پێویست ناکات حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێندرێت.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە میدیاکانی عێراق رایگەیاند، عێراق پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک کە لە رێگەی حکومەتی کاربەڕیکەری عێراقەوە پێشکەشی پەرلەمانی کردووە، مەبەست لێی تەرخانکردنی بڕە پارەیەکە بۆ دابینکردنی پێداویستیە رۆژانەکانی هاوڵاتیان.

باسی لەوەشکردووە، ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستی بە 10 ترلیۆن دینار هەیە و حکومەتی ئێستای عێراق بە بڕی 35 ترلیۆن دینار ئەم پڕۆژەیەی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە.

ئاشکراشیکردووە، حکومەت دەیەوێت لە رێی ئەم پڕۆژەیاسایەوە شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەموو عێراق بدات و دڵنیای بۆ فۆڕمی بایەعی دابین بکات و قەرزەکانی کەرتی کارەبا بداتەوە و قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بداتەوە و شایستە داراییەکانی پڕۆژە بچوکەکانیش بدات.

مستەفا کازمی ئەوەشیخستەڕوو، "هاوپەیمانی سێ قۆڵی دەیەوێت حکومەتی ئێستای عێراق هەتا ماوەیەکی نادیار بەردەوامبێت لە کارەکانی."

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەم حکومەتەی ئێستا کە کاربەڕیکەرە بتوانێت پڕۆژەیەکی 35 ترلیۆن دینار بەبێ کێشە پێشکەشی پەرلەمان بکات، ئەوا دەشتوانێت پڕۆژەیاسای بوجەی 2022 کە بڕەکەی 100 ترلیۆن دینار پێشکەشبکات و دەنگی لەسەر بدرێت.

کازمی دەشڵێت، "ئەگەر ئەم پڕۆژەیاسا 35 ترلیۆنیە لە پەرلەمان تێبپەڕێندرێت ئەوا نیشانەیەکە بۆ ئەوەی هەتا ساڵی تازە ئەم حکومەتە دەتوانێت کارەکانی حکومەتی بنچینەی عێراق بەڕێبکات".


PM:05:14:14/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 4344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت