شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق: گوندی لھێبان لە ئێستادا پارێزراوە
سوپای عیراق و پێشمەرگە لە گوندی لهێبا
وێستگه نیوز ـ
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، گوندی لھێبان لە ئێستادا پارێزراوە و چەکدارانی داعش ھیچ خانوویەکی گوندەکەشییان نەسوتاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ھێزە ئەمنییە ھاوبەشەکان لە ئێستادا کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی گوندەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر گوندەکە لەلایەن چەکداری داعشەوە ھەڕەشەی لەسەربووە.
لەراگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ئێستادا گوندەکە بەتەواوەتی پارێزراوە لەلایەن ھێزەکانی فیرقەی چواردەی سوپای عیراق و ھێزی میحوەری پێنجی ھێزەکانی پێشمەرگەوە.
ھەروەھا، لەبارەی سوتاندنی چەند خانوویەکی گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، راگەیەنراوەکەی شانەی ئەمنی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ھەواڵەی بەشێک لە میدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لەبارەی سوتاندنی بەشێک لە خانووەکانی گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بڵاوکراوەتەوە دوورە لەراستییەوە و رووداوی لەو شێوەیە رووی نەداوە.
شەوی 2ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجە لە بناری قەرەچوغ، لە ئەنجامدا 13 پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
پێستریش، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە رێککەوتن لەسەر کاری ھەواڵگری و زیادکردنی ھاوکارییەکان لە نێوان ھێزەکانیاندا، ھاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، "لە بەیانییەوە پلان دادەنرێت تاوەکو ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دژی داعش ئەنجام بدرێت.
PM:02:26:06/12/2021
ئهم بابهته 2348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت