نێچیرڤان بارزانی و فەرماندە سەربازییەکان کۆدەبنەوە

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز_

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆببێتەوە و تاوتوێی بارودۆخی ئەم دواییەی ھێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بکەن.

ماوەی ھەفتەیەک دەبێت چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاجیاکاندا، چەندجارێک پەلاماری ھێزی پێشمەرگەیان دا و بەم ھۆیەوە تا ئێستا 22 پێشمەرگە شەھید و سێ ھاووڵاتییش بریندار بوون.

شەوی رابردوو، چەند چەکدارێکی داعش پەلاماری خاڵێکی ھێزی پێشمەرگەیان لە گوندی قەرەسالم لە ناوچەی کەرکووک دا و بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان چوار پێشمەرگە شەھید و دووی دیکەیش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەکەیدا، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان گفتوگۆ لەبارەی ئەو ناوچانەوە بکات کە بۆشایی ئەمنیان ھەیە، ھەروەھا کاروبارەکانی پێکھێنانی لیوایەکی ھاوبەش لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت.

ئەمرۆ، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریکا-ی راگه‌یاند، ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان له‌ ساڵی 2014، دەشڵێت، عیراق رەزامەندی دەرنابڕێت بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان ئەو پێداویستییە سەربازییەکانمان بهێنین بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە کامێرای حەراریشەوە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان، لەبەر ئەوەی کاتی هاتنیان ببوەوە هۆی دروستبونی دوو جەبهە، کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروست کردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یا بریندارکردن یاخود زیانە لە کەلوپەلەکان و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نیە.


PM:12:45:06/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو