شۆفێرانی 28 هێڵی پاسی ناو شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند



وێستگەنیوز- 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، شۆفێرانی 28 هێڵی پاسی ناو شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند و باس لەوە دەکەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای سوتەمەنی ناتوانن لەکارکردن بەردەوام بن بەو نرخەی لەئێستادا هاوڵاتیانی پێ دەگوازنەوە.

شۆفێرانی هێڵی پاسی ناو شاری سلێمانی باس لەوە دەکەن، لەکاتێکدا نرخی بەنزین بۆ زیاتر لە 1000 دینار بەرزبووەتەوە، شۆفێران پابەندکراون بەهەمان نرخی پێشووتر هاوڵاتیان بگوازنەوە، ئەوەش قورسترکردنی ئەرکی سەرشانییانە و ناتوانن لەکارەکانیان بەردەوام بن.

ئاماژە بەوەش دەکەن، "چارەسەر ئەوەیە حکومەت بێت بەدەنگمانەوە و نرخی بەنزینمان بۆ هەرزان بکات، لەکاتێکدا لە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێورێت و بە 450 دینار بەهاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەفرۆشرێت، کەچی بۆ ناوخۆمان بەنزینی بازرگانی لەدەرەوە دەهێنرێت و بە 1000 دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان".

شۆفێرانی هێڵی پاسی ناو شاری سلێمانی باس لەوەش دەکەن، داوا حکومەت بەنزین بۆ شۆفێرانی هێڵی گواستنەوەی گشتی بە 500 دینار دابین بکات، تاوەکو ئەوانیش بتوانن بە نرخێکی گونجاو هاوڵاتیان بگوازنەوە.


AM:10:38:17/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت