محەمەد دوشیوانی بۆ وێستگە نیوز: کوڕەکەم بەدەست و قاچی بەستراو ناردە زیندان
وێستگەنیوز-
محەمەد دوشیوانی، باوکی ئەو گەنجەی تۆمەتبارە بە کوژرانی کارمەندێکی سکویرتی، دەڵێت، "کوڕەکەی بەمەبەستی دابینکردنی جێگەی مانەوە بۆ شاندێک لە ماڵەوە چۆتە دەرەوەی کۆمەڵگەی دەروازە ستی و رووداوەکە روویداوە"، دەشڵێت، "ئەمشەو کوڕەکەی رادەستی یاسا کردووە".
بەرە بەیانی رۆژی پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021، کارمەندێکی سكویرتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لە سلێمانی لە پرسگەی پرۆژەكە لەلایەن گەنجێکەوە بە دوو فیشەک بریندار دەکرێت و لە نەخۆشخانەی دەردەکەوێت گیانی لەدەستداوە، ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی کارمەندەکە کوڕی محەمەد دوشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک-ی یەکێتییە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئهمڕۆ پێنجشهممه له راگهیهندراوێكدا ئاشكرایكرد،"پاش ئەوەی ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار كرانەوە لە بوونی تاوانێكی كوشتنی كارمەندێكی ئەمنی "سكویرتی". یەكێك لە سیتییەكانی سلێمانی، ھێزەكانمان لەسەر راسپاردەی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ھەوڵەكانیان چڕ كردەوە و توانیان پاش چەند سەعاتێك لە ئەنجامدانی تاوانەكە، تاوانبارەكە دەستگیر بكەن.
محەمەد دوشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەربارەی رووداوەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە وێستگە نیوز_ی وت، "شاندێک لە کەرکوک بوون هاتوونەتە سلێمانی بۆ مانەوە کوڕەکەم ویستوویەتی بچێت جێگەی مانەوەیان بۆ دابین بکات، لە کاتێکدا خۆی لە خەودا بووە و هەستاوە و چۆتە دەرەوە، بەڵام ئەم رووداوەی بەسەردا هاتووە".
دەشڵێت، "لەوەتی رووداوەکە روویداوە کوڕەکەم، هەڵاتووە بە خۆمان و خزم و کەسوکار سەرقاڵی دۆزینەوەی بووین و ئەمرۆ توانیومانە بیدۆزینەوە و تەلەفۆنم بۆ بنەماڵەی کوژراوکە کردووە کە بەدەست و قاچی بەستراوەوە کوڕەکەمتان بۆ دەهێنم، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەبووە و داویانکردووە بدرێتە دادگا، هەربۆیە ئەمشەو کوڕەکەم لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانە".
PM:11:56:14/10/2021
ئهم بابهته 3032
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت