سەرچاوەیەک: لە گرێسپی نارەزایەتی لەنێو چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دروستبووە

‌کانتۆنی گرێسپی

وێستگە نیوز_

بەهۆی ئەوەی موچەکانیان لەلایەن "بەرپرسەکانیانەوە خوراوە" ناڕەزایەتی لەناو ژمارەیەک لە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە کانتۆنی گرێسپی دروستبووە و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، سەرچاوەیەک دەڵێت، "هەڕەشەی چەک دانان دەکەن".


سەرچاوەیەک لە کانتۆنی گرێسپی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی هاوار نیوز، ئەمرۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2021، ڕاگەیاندووە، "ژمارەیەک چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە تورکیا پاڵپشتی دارایی و سەربازییان دەکات بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند مانگە موچەیان وەرنەگرتووە ناڕەزاین و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ڕەتیانکردۆتەوە ئەرکە سەربازییەکان جێبەجێ بکەن و هەرەشەی دانانی چەکیان کردووە ئەگەر موچەکانیان بۆ نەگێڕنەوە". کانتۆنی گرێسپی کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 لەلایەن سوپای نیشتمانی و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا داگیرکرا ئێستا بەناڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای تورکیاوە ئیدارەی دەدرێت.

سەرچاوەکە ئەوە ئاشکرادەکات، "زۆرێک لەو چەکدارانە ڕەتیانکردووەتەوە بچنە شەڕ و بەرپرسەکانیان بە دزینی موچەکانیان تاوانبار دەکەن"، ئەوەشی وتووە، "ژمارەیەک چەکداری فیرقەی 20 کە بارەگاکەیان لە ناوچەی سلووکە پێش دوو ڕۆژ بۆ هەمان داواکاری لەبەردەم بارەگای دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە".


PM:07:01:13/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 1548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو