قوباد تاڵەبانی: ئازادییەکان لەدەڤەری بادینان بەرتەسککراونەتەوە

‌ قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان

وێستگە نیوز- 

قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند، لەدەڤەری بادینان کێشە بۆ هەر کەسێک دروستدەکرێت کە چالاک بێت و سەر بەلایەنێک نەبێت و ئازادییەکان لەدەڤەری بادینان بەرتەسککراونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان، لەمیانی رێورەسمی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان لەدهۆک رایگەیاند:" بادینان و دەشتی نەینەوا و شەنگال هەمیشە لای ئێمە و خودی مام جەلال و کاک نەوشیروان جێگەی تایبەتییان هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، " لەدوای هەرەس، بادینان بووەتە دەروازەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و یەکەمین مەفرەزی چەکداری دوای نسکۆ لەگوندەکانی رۆژئاواوە هاتنەوە ئەم دەڤەرەوە و بادینان و دەشتی نەینەوا و شەنگال قوڵایی ستراتیژییان لای ئێمە هەیە".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکردووە، " لەدەڤەری بادینان کێشە بۆ هەر کەسێک دروستدەکرێت کە چالاک بێت و سەر بەلایەنێک نەبێت و ئازادییەکان لەدەڤەری بادینان بەرتەسککراونەتەوە".

قوباد تاڵەبانی وتیشی:" ئەگەر پێویست بکات بەهەزاران کاتژمێر دانووستان دەکەین لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە دانووستان ناترسین و ماندوونابین چونکە ئەزموونمان هەیە".

راشیگەیاند:" دەنگدان بە هاوپەیمانی کوردستان دەنگدانە بەئازادی و پاراستنی کەرامەت و قوت و بژێوی هاوڵاتیان و بەپاراستنی قەوارەی هەرێم و چارەسەرکردنی هەموو کیشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرێگەی ئاشتییانە".


PM:06:03:23/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت