ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و داوای لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد بانگەشەیەکی هەڵبژاردنی ئارام و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن ئەنجام بدەن و کارنامەکانیان زیاتر بۆ چەسپاندنی شایستەکانی خەڵکی کوردستان بێت لەبەغدا، هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا پرۆژەی پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەندکرا و پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبانیش بۆ گفتوگۆکردنی زیاتر رەوانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرایەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021،سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانمان کرد. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ،کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەبوو، تیشکمان خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختمان لەوە کردەوە، کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت. هەروەها،ئاماژەمان بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان."
ئەوەش هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن .
لەراگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا باس لەوەشکراوە، پاشان لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان ، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو ، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.
ئەوەش خراوەتەڕو،لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . ئەم ڕەشنووسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە . ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لە ڕووی قانونی و تەکنیکی وداراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو.
PM:07:57:15/09/2021
ئهم بابهته 3836
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت