سەرکردایەتیەکی یەکێتی بۆ پارتی: بە گشتمانەوە دەنگتان بۆ خڕ ئەکەینەوە

‌بڵند ئیسماعیل و ستران عەبدوڵڵا

وێستگە نیوز_

سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەداتەوە و دەڵێت، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ نەقەومێ دەبێت بە گشتمانەوە دەنگ بۆ ئەوان خڕ بكەینەوە نەكا یەكەم نەبن.

ستران عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وەڵامی بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەداتەوە، كە رایگەیاندبوو ئەگەر هێزی یەكەم نەبین شەڕی ناوخۆ درووست دەبێت.

ستران عەبدوڵڵا، لەبارەی قسەکانی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، دەڵێت، "بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ نەقەومێ دەبێ بە گشتمانەوە دەنگ بۆ ئەوان خڕ بكەینەوە نەكا یەكەم نەبن و توشی شەڕی ناوخۆ بین".

ئەوەشی وتوە، "جا ئەوە كاتی خۆی، وەختی یەكەم هەڵبژاردنی كوردستان لە ساڵی 1992، كەمپین و مەمپین و شتی وا نەبوو حزبەكان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی دەچوونە شایی و هەڵپەڕكێ و لەوێ ئیشیان لە بووك و زاوا تێكدا و ئەگەر سەرچۆپیشیان دەست نەكەوتبێ بە گاوانی رازی دەبوون، یەكێكیان حەماس گرتی و گوتی: پێشڕەوی كورد پارتیە پەرلەمانمان لۆ چیە ئێستاش سی ساڵ، توركمان گوتەنی: ئینی تاس و ئینی حەمامە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتوشیەتی، "بێ یەكەمی ركابەر دواجار شەڕی ناوخۆ دەقەومێ ئیتر خەرجی هەڵبژاردنمان بۆ چیە؟!".

قسەکانی ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە کاتێکدایە، بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ی پارتی لەسنوری پارێزگای هەولێر رایگەیاندبوو، نابێت رێگە بدرێت هاوسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە وەک هەندێک لایەن بانگەشەی بۆ دەکەن، چونکە "هاوسەنگى هێز هەبێت شەڕی ناوخۆ روودەدات وسەقامگیری نامێنێت".

باسی لەوەشکرد، "بەڵام کە هاوسەنگی هێز لەساڵی 1996 گۆڕا و پارتی بووە هێزی یەکەم لەڕوی لەشکر، جوگرافیا و توانای داراییەوە ئارامی گەڕایەوە بۆ کوردستان".

بەرپرسی لقی 16ی پارتی ئەوەشی خستەڕو، "بۆیە دەبێت هەمیشە پارتی براوەی یەکەم بێت، خەڵک ئەگەر بیەوێت بگاتەوە ئێمە، ئێمە دەبێت دە هەنگاو لەپێش ئەوانەوە بین بۆ ئەوەی ئەو هاوسەنگیەی ئەوان خەونی پێوە دەبینن جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە، چونکە هەبوونی تەوازن هەبوونی شەڕ و ماڵوێرانییە".


AM:11:31:15/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 7620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو