ڕێکخراوێک لە زاری زیندانیانی بادینان: ئاویش ناخۆینەوە

‌بەشێک لە دەستگیرکراوانی بادینان

وێستگە نیوز_

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی- CPT بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شێروان شێروانی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ تیمی کوردستانی عێراقی CPTدا ئەنجامدا و دەڵێت، بەنزیکەیی تەواوی زیندانیانی بادینان کە ژمارەیان 81 زیندانییە، مانیان لە خواردن گرتووە و تەنانەت ھەندێکیان ئاویش ناخۆنەوە.


شێروان شێروانی لە ڕێگەی تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوایكردووە، کە خەڵکی هەرێمى کوردستان لەدەرەوەی زیندان بۆ پشتیوانی ئەو زیندانیانە چالاکی ئەنجامبدەن.

رێکخراوەکە بڵاویکردوەتەوە کە شێروانی نیگەرانی ئەو ھاوڕێ زیندانیانەی بووە، کە تا ئێستا دادگایی نەکراون و لە زیندانی ئاسایشدا ھێڵدراونەتەوە.

پێشتر، نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی دواخستنی دادگاییکردنیان، لە 6ی ئەم مانگەوە 72  دەستگیرکراوی بادینان لەنێو زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاندوە و "ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە".

ئەیھان سەعید، نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردرابوو باسی لەوەشکردوە، "بەداخەوە دوای سزادانی ھەندێک چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان و دواخستنی دادگای بەشێکی زۆر زیندانیانی دیکە، بەرامبەر نادادی، پێنەدانی مافە یاساییەکانییان، ئەشکەنجەدانی سایکۆلجی و جەستەیی، 72 زیندانیانی بادینان مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاندوە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، " سەرچاوەیەک لەنێو زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر پێیی راگەیاندین لە رێککەوتی 6ی ئەم مانگەوە 72 زیندانیانی بادینان کە پێکدێن لە (رۆژنامەنوس، چالاکوان، مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، نوسەر و مامۆستای زانکۆ) مانگرتنی سەرتاسەریان لە خواردن کردوە، ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە."


PM:08:22:14/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت