ئیبراهیم رەئیسی و مستەفا کازمی کۆبوونەوە؛ ئاسایش و پەیوەندییە ئابورییەکان تاوتوێ کران

‌کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئیبراهیم رەئیسی و مستەفا کازمی

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لێکرا، ماڵپەڕێکی نزیک لەحکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەکەدا لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە.

ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەکەی نێوان مستەفا کازمی و ئیبراهیم رەئیسیدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات کراوە بەتایبەت گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان.

باس لەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا چاودێری جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەتایبەت رێککەوتنەکانی بواری بانکی، گواستنەوە، کارەبا، غاز و لابردنی ئاستەنگییەکان کە هاتوونەتە پێش.

لەدوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی نوێی ئێران، مستەفا کازمی یەکەمین سەردانی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجامدا و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، بەتایبەت کە عێراق دووەمین بازاری جیهانە بۆ هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی لەدوای وڵاتی چین.

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە هاوردەی گاز و کارەبای ئێران دەبەستێت، بە جۆرێک ئێران سێیەکی پێداویستیی گاز و کارەبای عێراق دابیندەکات. بەغدا ئێستا 6 ملیار دۆلار بەهۆی دابینکردنی وزەوە بۆ عێراق قەرزداری ئێرانە. 
  
کۆتایی مانگی رابردوو عێراق لووتکەیەکی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە بەست و تێیدا وەزیرانی دەرەوەی ئێران وسعودیە بەشداربوون، هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش بەشداربوو. 


PM:12:21:12/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 4944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت