جەمیل هەورامی: كێشەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەسەر دەسەڵاتە نەک چاکسازی بۆ یەکێتی

‌جەمیل هەورامی، کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان

وێستگە نیوز_

سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەى ئەمڕۆى مەکتەبى سیاسى لەبارەى هاوسەرۆکانى یەکێتى بێ ئەنجام بووە، دەشڵێت، "هەنگاو نراوە بۆ ئەوەی یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە".

جەمیل هەورامى سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان لەمیانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێى کەناڵی ئێن ئاڕتیدا ئاماژەى بەوە کرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى لەبارەى کێشەکانى هاوسەرۆکانى یەکێتى بێ ئەنجام بووە و باس لەو بابەتەش کراوە و نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان وتیشى، چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى بکرێت و لەوێدا کێشەکان تاوتوێ بکرێن و یەکلایى بکرێتەوە.

جەمیل هەورامى رونیکردەوە، پێکهاتەى حزبەکەى بۆ سیستمى هاوسەرۆکى ناگونجێت و وتى، ناکرێت حزبێکى وەک یەکێتى دوو کەس بەڕێوەى ببات، وتیشى، ئەگەر سەرۆکێک و دوو جێگرى هەبووایە باشتر بوو.

راشیگەیاندووە، "ناکۆکی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر دەسەڵاتە نەک لەسەرچاکسازی"، دەشڵێت، "ناکۆکییەکانی یەکێتی زیانی گەورە لە حزبەکە دەدات لە هەڵبژاردندا."

لەبارەى رۆڵى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى یەکێتى لەچارەسەرکردنى کێشەکان، جەمیل هەورامى ئەنجومەنەکە بە بێ رۆڵ و کاریگەریى ناودەبات لە کێشەکان و ئاماژەى بەوە کرد، کە لەوەتەى دامەزراوون هیچ بڕیارێکى نەبووە و هیچ کێشەیەکیان پێ چارەسەر نەکراوە و وتیشى، لەبەر ئەوە بێدەنگن.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەنجومەنى سەرکردایەتیش دابەشبووە و بەوتەى ئەو بەو حاڵەتەش ناتوانێت بڕیار بدات لە کێشەکان.

سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان هەوڵدان بۆ رێککەوتنی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەکو كوتینی ئاسنی سارد ناوبرد و ئاشكراشی كرد كە سەردانی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کردووە بەڵام بێ ئومێدیان کردووە و سودی نەبووە.

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە كێشەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەسەر دەسەڵاتە نەک چاکسازی بۆ یەکێتی.

لەبارەی هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەمیل هەورامی وتی "هەنگاو نراوە بۆ ئەوەی یەکێتی و گۆڕان یەک بگرن

لێدوانەکە لەکاتێکدایە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکرد، یەکەم کۆبونەوەی فەڕمی یەکێتییە لەدوای رووداوەکانی 8ی تەمموزەوەو کۆبونەوەکە بەبەشداری زۆرینەی مەکتەبی سیاسی دەبێت، بەبێ بەشداری لاھور جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی و بەشێک لەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی دەبێت کەوا نزیکن لەلاھور جەنگی.


PM:09:02:04/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 2156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت