کۆمسیۆن: زیاتر لە دوو ملیۆن دەنگدەری نوێ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقرایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە دوو ملیۆن دەنگدەری نوێ بەشداری دەکەن، کە بۆ یەکەمجارە دەنگ بدەن و تەمەنیان لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2003 دایە.



حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندیی جەماوەریی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق راگەیاندووە، کۆمسیۆن دەستیکردووە بە پێدانەوەی کارتی دەنگدانی سێ ملیۆن و 300 هەزار دەنگدەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارە کارتانە دوو ملیۆن و 300 هەزار کارتی ئەو کەسانەیە کە لە دایکبووی ساڵانی 2001 و 2002 و 2003 ن و بۆ جاری یەکەمە دەنگدەدەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا رۆژێک پێش دەنگدان ئەوان لە دابەشکردنی کارتەکان بەردەوام دەبن و کارتی دەنگدان لە بنکەکانی کۆمسیۆن بە دەنگدەران دەدرێتەوە، دەشڵێت، تیمەکانی کۆمسیۆنیش بە یاوەریی هێزە ئەمنییەکان، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و کارتەکان بە هاوڵاتییان دەدەنەوە.

پێشتر، هەریەک لە ئەڵمانیا و ئەمریکا و دانیمارک و یابان و چەند وڵاتێکی‌ دیکە هاوکاریی داراییان پێشکەشکردووە بۆ زیادکردنی‌ تواناکانی‌ چاودێری‌ نەتەوەیەکگرتووەکان و توانا تەکنیکییەکانی‌ کۆمسیۆن بۆ باش بەڕێوەچوونی‌ هەڵبژاردنی‌ پێشوەختەی‌ عیراق.

بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی عیراق بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی عیراقیش ئاشکرایکردووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە هەفتەی رابردووشدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و جۆ بایدن وتی: "زۆر گرنگە بەلامانەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەکاتی خۆیدا بکرێت و دادپەروەرانە بێت و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت".


PM:05:53:03/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو