لە كەركوك حەوت ئەندامی داعش دەستگیر كران


وێستگە نیوز-
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیەنێت، حەوت ئەندامی داعش لە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکران کە بەرپرسی دابینکردنی پاڵپشتیی لۆجستی بوون بۆ ئەندامانی رێکخراوەکە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 31ی تەمموزی 2021، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی شانە نووستووەکان و ئۆپەراسیۆنی دەستپێشخەری؛ بۆیە مەفرەزەکانی ئاژانسەکە لە پارێزگای کەرکووک توانییان حەوت داواکراو بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیر بکەن."
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەوەشی خستۆتەڕوو، "دەستگیرکراوەکان لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا نا کە بەیعەتیان بە داعش داوە و پاڵپشتی لۆجستییان بۆ ئەندامانی داعشی تیرۆریست دابین دەکرد؛ بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیرایەبەر."
 
ئەمە لە كاتێكدایە لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوشدا ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندبوو چەند سەركردەیەكی داعشمان لە سلێمانی دەستگیركردووە، هەروەها لەناوچەكانی دیكەی عێراقیش جموجۆڵی شانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش دەستیان بە ئەنجامدانی چالاكی كردووە.


PM:11:50:31/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 1320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت