پۆلیس هۆكاری دەستگیركردنی هونەرمەندێكی كورد دەخاتەڕوو


وێستگە نیوز-
بەهۆی هەڕەشەکردن لە چەند کچێک بەوەی کە وێنەی "رووتیان" بڵاودەکاتەوە كەسێك دەستگیرکراوە و، یەکێکی دیکەیان هونەرمەندێکە و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەستگیرکراوە.
 
پۆلیسی دهۆک لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ڤیدیۆ و وێنەی چەند کچێکی لای خۆی تۆمارکردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کردووە.
 
دوای ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی هونەرمەندێک بڵاوکرایەوە و بەشێک لە لاپەڕەکان دەیانوت، "ئەو هونەرمەندە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەی رووتی کچان دەستگیرکراوە"، بەڵام مقدەمى مافپەرەر هێمن سلێمان، وتەبێژێ پۆلیسى دهۆک لەو بارەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو گەنجەیان پێش مانگێک دەستگیرکردووە و ناوى (د.م)ـە، بەڵام هونەرمەندەکە سێ رۆژ پێش ئێستا تووشى کێشەیەکى کۆمەڵایەتى بووە و ناوی (ر.ب)ـە.
 
 پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسەی بەهۆی هەڕەشەکردن لە کچان دەستگیرکراوە، گەنجێکی شاری دهۆکە و نزیکەی 110 هەزار فۆڵۆوەری هەیە. "ئەو گەنجە لەگەڵ کچ و ژن بە رووتی وێنەی گرتووە و دواتر هەڕەشەی لێکردوون. وێنەی کچێکی لە دهۆک بڵاوکردەوە و مانگێک پێش ئێستا ئەو کچە سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و هەر ئەو کات دەستگیرکرا و بە کەفالەت ئازادکرا."
 
 پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، ئەو هونەرمەندە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەستگیرکراوە و ئێستا پۆلیسی تووندوتیژیی دهۆک لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی دەکات، هیچ پەیوەندییەکیشی بە دۆسیەی ئەو گەنجەی دیکەوە نییە.


PM:04:57:30/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 12056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت