په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ جیاوازی نرخی به‌نزین ده‌كات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
وێستگه نیوز ـ
له‌سه‌ر جیاوازی نرخی به‌نزین له نێوان هه‌ولێر و سلێمانی، لیژنه‌ی سامانه سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوون ده‌كات و سه‌ردانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ده‌كات.
رێبوار بابكه‌یی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و سامانه سروشتییه‌كان له په‌رمانی كوردستان به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: لیژنه‌كه‌یان به نیازه سه‌ردانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بكات بۆ پێدانی روونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی ته‌نیا له چه‌ند به‌نزینخانه‌یه‌كی هه‌ولێر نرخی به‌نزین هه‌رزان كراوه و ئه‌وانی تر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
وتیشی: "وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بڕیاریداوه ئه‌و باجه‌ی له‌سه‌ر به‌نزینی هاورده‌بوو هه‌ڵگرێت، به‌مه‌ش نرخه‌كه‌ی زۆر داده‌به‌زی، به‌ڵام بۆچی تا ئێستا له چه‌ند به‌نزینخانه‌یه‌كی كه‌می هه‌ولێر به‌نزین له‌و نرخه‌ی پێشتر ته‌نیا 100 دینار دابه‌زیوه، به‌ڵام به‌نزینخانه‌كانی تری سلێمانی و پارێزگاكانی دیكه وه‌ك خۆیانن ماونه‌ته‌وه و هه‌رزان نه‌بوون".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كه له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه له په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووری به پێویست زانی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه هاوشێوه‌ی هه‌ڵگرتنی لێبڕینی مووچه.
له هه‌رێمی كوردستان نرخی لیترێك به‌نزینی جۆری نۆرماڵ به 775 دیناره، به‌ڵام له چه‌ند به‌نزینخانه‌یه‌كی هه‌ولێر لیتری بۆ 660 دینار دابه‌زیوه.
PM:12:20:28/07/2021
ئه‌م بابه‌ته 3500
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت