میدیای یەکێتی: بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەرجەم ناسنامەکانی پێشووی دژەتیرۆر وەردەگیرێنەوە و ڕادەگیرێن

‌بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

وێستگەنیوز-

میدیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری لێپێچینەوەی ئەو کەسانەیداوە کە "بەنایاسایی" ناسنامەی دژە تیرۆریان بۆکراوە، سەرجەم ناسنامەکانی پێشووی ئەو هێزەش وەردەگیرێتەوە و ڕادەگیرێن.

میدیای یەکێتی ئەمشەو بڕیارێکی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لەبارەی رێکخستنەوەی ناسنامە و کارەکانی دەزگای دژەتیرۆر بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکردوە، بافڵ تاڵەبانی فەرمانی کردووە سەرجەم ئەو ناسنامە "ساختانەی لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەرکراون هەڵبوەشێندرێنەوە و هەرکەسێک بە یاسایی لەدەزگای دژەتیرۆر کارمەند نەبووبێت و سودمەند بووبێت لە زەوی و ئۆتۆمبێل و چەک، بۆ مەرامی شەخسی و یاساشکێنی ئیمتیازاتی پێدرابێت لێی وەربگیرێتەوە".

ئاماژە بەوەش دەکەن، بەپێی بڕیارەکە هەرکەسێک پابەند نەبێت ڕوبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

بڕیارەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ناسنامەی نوێ بە دیزاینێکی نوێ بۆ ھێزەکانی دژەتیرۆر دروست دەکرێت و سەرجەم ئەو ناسنامانە پێشتر وەردەگیرێتەوە و ڕادەگیرێت.

میدیای یەکێتی دەڵێت، "پێشووتر بەبڕیاری چەند کەسێک زیاتر لە 12 هەزار ناسنامەی دژەتیرۆر بەنایاسایی دروستکراوە، کە بۆ مەرامی تایبەتی و چەندین کاری نایاسایی و یاساشکێنی بەکارھێنراون."


PM:11:46:21/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 4428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت