وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی ناوچەیەکی رۆئاوای کوردستان دەکات


وێستگەنیوز-

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی شارۆچکەی عەفرینی رۆئاوای کوردستانی کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر دراوسێکانی جێبەجێ دەکات و وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت "ئێمە بە یەکدییەوە سەرقاڵ بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە ئارامیدا بن و ئەوان دڵسۆزی ناوچەکەمان نین".

سولەیمان سۆیلو لەدووەم رۆژی جەژنی قورباندا و لەچوارچێوەی بەرنامەی جەژنانە سەردانی پارێزگای شرناخی باکووری کوردستانی کرد و دواتریش سەردانی شارۆچکەی عەفرینی رۆئاوای کوردستانی کرد، ناوبراو چەند یەکەیەکی سەربازیی لەعەفرین بەسەرکردەوە.

لەلێدوانێکیشدا وەزیری ناوخۆی تورکیا  رایگەیاند،  "ئێمە چۆن بەرپرسیارێتیی گەلەکەی خۆمانمان لەسەر شانە، بە هەمان شێوە بەرپرسیارێتیی دراوسێکانیشمان لەسەر شانە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "رۆژئاوا تەواوی کێشەکانی رەوانەی رۆژهەڵات دەکات. ئەمە یارییەکی گەورەیە. ئەوان دەیانەوێت ئێمە بە یەکدییەوە سەرقاڵ بکەن و خۆیان لە ئارامیدا بن. هەموومان دەزانین کە ئەوان وا نیشاندەدەن کە نیگەرانن و هەوڵی چارەسەرکردن دەدەن، بەڵام وا نییە".
 
پەیوەست بە دۆخی عەفرینیش وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی "پشتی لە خەڵکی عەفرین نەکردوە، بۆیە ئێستا لە عەفریندان و جەژنەپیرۆزە دەکەن".

دوای نزیكەی دوو مانگ هێرشی بەربڵاوی زەمینی و ئاسمانی، توركیا و گروپە سوریەكانی نزیک لەئەنقەرە توانیان لە 18ی ئاداری ساڵی 2018 شاری عەفرین کۆنتڕۆڵ بکەن.


PM:05:05:21/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت