بەبەشداری پێکهاتەکانی کەرکووک کۆنگرەی "پێکەوەژیان" بەڕێوەدەچێت

‌کەرکوک وێنە: ئەرشیف

وێستگەنیوز-

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی پارێزگاکە، بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان و هاندانی وەبەرهێنان، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە کۆنگرەی "پێکەوەژیانی ئاشتیانە" بەبەشداری سەرجەم پێکهاتەکان لەپارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت.

عەبدولباری مەجید، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەپەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوز-ی راگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بەئامانجی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی تایبەت بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ پێکهاتەکانی پارێزگاکە، سەرەتای ئەم مانگە سەردانی کەرکووکیان کردووە و لەگەڵ پارێزگار و لایەن و پێکهاتەکانیش کۆبوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان خواستی ئەوەی هەیە سەرجەم لایەنە رەسەن و سەرەکییەکان بەشداری بکەن لەو کۆنگرەیە کەچاوەڕێ دەکرێت لەکۆتایی ئەم مانگەدا بەبەشداری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لەو کۆنگرەیە ئەوەیە کە پارێزگای کەرکووک خاڵی سەرەکییە بۆ چارەسەری کێشەکان بەجۆرێک زۆرجار باسی ئەوە دەکەن کە ئارامی عێراق بەستراوەتەوە بە ئارامی کەرکووک و ئەگەر ئاشتەوایی لەکەرکووک سەرکەوتوو بێت، لەشوێنەکانی دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان و عێراقیش چارەسەر دەبن، بۆیە ئومێدەوارن لەرێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئارامی زیاتر بۆ شارەکە دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی زیاتر ڕوو لەشارەکە بکات.


PM:09:29:24/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو