وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی تۆماری نوێی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دەستپێدەکات




وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، بڕیاردراوە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی بەشەخۆراکی زیاتریان بۆ دابین بکرێت.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بەوێستگەنیوزی راگەیاند، بۆ ئامادەکردنی لیستێکی نوێی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان ڕووپێوێکی نوێ دەستپێدەکەن و لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیەوە لیستەکە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی دەکەن تاوەکو  بەشە خۆراکی زیاتر بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دابین بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ساڵانە دوو بەشەخۆراکی زیاتر بە بەشێک لە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دەدرێت، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی بازرگانی عیراق کردووە ئەو هەنگاوە هەژار و کەمدەرامەتەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەوانیش داوای لیستیان کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش  وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیستی ناوەکان بۆیان ئامادە دەکات، "ئێمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و قایمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان ناوەکان دەنووسین و لە ماوەی 20 رۆژدا تەواویان دەکەین". 

لەبارەی ئەو مەرج و پێوەرانەی بۆ تۆمارکردن دانراون بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر وتی، خێزانەکان لە سەر بنەمای هێڵی هەژاری وەردەگیردرێن واتە هەر خێزانێک داهاتی کەم بێت بەشێوەیەک بۆ هەر ئەندامێکی خێزان کەمتر لە 100 هەزار دینار بێت بە هەژار لە قەڵەم دەدرێت و ناوی خێزانەکە تۆمار دەکرێت. بۆ نموونە ئەگەر خێزانێک لە دوو کەس پێکبێت و داهاتی لە 200 هەزار کەمتر بێت ئەوا بە هەژار ئەژمار دەکرێت، ئەگەر خێزانێک ۳ کەس بێ و داهاتی لە 300 هەزار کەمتر بێت ئەوا بە هەژار دادەنرێت و بە هەمان شێوە ئەگەر خێزانێک 4 کەس بێت دەبێت داهاتەکەی کەمتر بێت لە 400 هەزار دینار و بەم شێوەیە تادوایی.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو هەڵمەتە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها لە تۆمارکردنی ناوەکاندا رەچاوی باری کرێچی و ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن دەکرێت.


PM:08:15:24/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت