سەنتەری ڤاکسینی کۆرۆنا لە کەلار: خەڵک بڕوایان بە ڤاکسین نیە
سەنتەری پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە کەلار
وێستگە نیوز ــ محەمەد عـەلی
لە شاری كەلار، سەنتەری ئیدارەی گەرمیان ڕێژەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا کەمترە لە 3هەزار کەس، بە وتەی بەڕێوەبەری سەنتەری پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە کەلار، "ھاوڵاتیان بڕوایان بە وەرگرتنی ڤاكسین نییە".
ئەمرۆ پێنج شەممە، 24ی حوزەیرانی 2021. مستەفا رەشید، بەرێوبەری سەنتەری ڤاکسینی کۆرۆنا لە کەلار بە وێستگە نیوز-ی ڕاگەیاند، " تـا ئێستا لە سنووی ئیدارەی گەرمیان 2هەزار و 451 ھاوڵاتی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە"، ئەو دەڵێت،" لە ئەنجامدا ھیچ كەسێك لەوان تووشی گرفتی تەندروستی نەبووە بەھۆی پێدانی ڤاكسینەكەوە، جگە لە ھەبوونی چەند حاڵەتی لاوەكی".
بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان ژمارەی دانیشتووانی شاری کەلار بە زیاتر لە 250هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، بەرێوبەری سەنتەری ڤاکسینی کۆرۆنا دەربارەی بەدەمەوەچوونی هاوڵاتیان دەڵێت، "زۆرێك لە ھاوڵاتیان بڕوایان بە ڤاكسینەكە نییە و ئەو ژمارە هاوڵاتییەی تائێستا ڤاکسینیان وەرگرتووە بۆ شارێكی وەك كەلار كەمە و دەبوو ھاوڵاتییەكی زیاتر بەشداریان لە وەرگرتنی ڤاكسیندا بكردایە".
ئهوه لهكاتێكدایه لهئێستادا جۆرهكانی ڤاكسینی "ئهسترازینیكای بەریتانی، سینۆفارمی چینی، فایزهری ئهمریكی"، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە وەک پشکی هەرێمی کوردستان و بە چەند بەشێک نێردراون، و لهناوهندهكانی تهندروستی دهست بهدابهشكردنیان كراوه، بهڵام بهوتهی بهرپرسانی تهندروستی هەرێمی کوردستان، رێژهی ناوتۆماركردنی هاوڵاتیان بۆ وهرگرتنی ڤاكسینهكان بهپێی پێویست نیه.
بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له ماوهى 24 كاتژمێرى رابردوودا 599 كهسى دیكه لە هەرێم تووشى كۆرۆنا بوون، کە لەو ژمارەیە 46 کەسیان لە ئیدارەی گەرمیانن، هاوکات لەو ماوەیەدا کەسێک بەهۆی پەتاکەوە لە گەرمیان گیانی لەدەستداوە.
PM:05:43:24/06/2021
ئهم بابهته 2124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت