پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


وێستگە نیوز-
 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت، دوابەدوای ئامادەکردنی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (53)ی ڕێکەوتی (١٠/٣/٢٠٢١)ی ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوەکە پەسەند کرا.

وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەى گرنگى پەیڕەوەکە ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕێکخستنى مۆڵەتى خوێندن بەپێى پێداویستییەکانى دامەزراوەکانى هەرێم، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەماهەنگى وەزارەتى پلاندانان و دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێم کاردەکەن بۆ دیاریکردنى پلان و ئەو پسپۆریانەى بۆ گەشەپێدانى بازاڕى کارى کوردستان گرنگن. ئەم پلانەش پەیوەندیدار دەبێت بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی بۆ گەشەکردنی ئابوری و زانستی هەرێمی کوردستان پێویستن.

هاوکات لەپەیڕەوەدا مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و چۆنیەتی ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان پێشکەشکاران خراوەتە ڕو لە پێناو زامنکردنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

هەروەها بە پێی ئەم پەیڕەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانن مۆڵەتی خوێندن وەربگرن درێژە بە خوێندن بدەن لەو زانکۆیانەی کە ئاستی زانستیان بەرزەو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێکراون، ئەمەش زامنی پاراستنی کواڵیتی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن. جیا لەوەش لەم پەیڕەوەدا ماوەی پێویست بۆ خوێندن و ماف و شایستە داراییەکان و ئەرک و بەرپرسیاریێتەکانی فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو بۆ خوێندن دیاری کراوە.

جێگەى ئاماژەیە لەدوای چەندین ساڵ لە نەبونی پەیرەوێکی یاسایی کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان بۆ خوازیارانی خوێندن دەستەبەربکات، ئەم ھەوڵە دەسکەوت و دەرفەتێکی گرنگ و پڕبایەخە بەئاراستەی شەفافییەت و عەدالەت و رێگەگرتن لە زۆری و بۆری بروانامەی ئاست نزم و بێ کوالێتی. لە  ئیستاشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاساو ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوەدا مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەو دەرەوەی وڵات بە زوترین کات دەستپێبکاتەوە.


PM:07:58:21/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت