مەسرور بارزانی: لەکاتی سەرژمێریدا ناوچە دابڕێندراوەکان لەبەرچاوبگیرێن


وێستگه‌ نیوز-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، کە دەبێت لەکاتی ئەنجامدانی سەرژمێری، ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوبگیرێن.
 
رۆژی دووشەممە 21ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئیب پیتەرسن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) و شاندێکی یاوەری کرد.
 
بەپێی راگەیه‌ندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرا، ئەوەش بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامیی دانیشتووان.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی حکومەتی دەربڕیوە بۆ پشتیوانیکردنی بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەپێناو گەشەپێدانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی تەندروستی و خوێندن و پەرەپێدانی سامانی مرۆیی.
 
وەکو لە راگەیه‌ندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی رێگەگرتن لە تووندوتیژیی خێزانی و باشترکردنی دۆخی خێزان کرا، "کە بنەمایەکی گرنگی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە".
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی زانستیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، "بە مەرجێک پێویستە لەکاتی ئەنجامدانی ئاماردا، ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە لە هەندێک ناوچەی عێراقدا، بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان، گۆڕینی دیموگرافی ئەنجامدراوە و سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیرییەوە، شوێنەکانیان بە ناچاری جێهێشتووە و خەڵکی دیکە هێندراوەتە شوێنەکانیان".


PM:06:33:21/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو