شاندی بەغدا لە کامپی مەخمور: کار بۆ راگرتنی هێرشەکان دەکەین
دیمەنێک لە سەردانی شاندەکە
وێستگە نیوز-
شاندێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەرپرسانی ئاسایشی عێراق، سەردانی کامپی پەنابەرانی مەخموریان کرد و بەلێنیان داوە کاربکەن تا، "پێش لە هێرشەکان بۆ سەر کامپەکە بگیرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی پێکهاتوو لە بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان، لە بینای نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ شاندێکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆژنیوز، شاندەکەی مەخموریش لەسەر دۆخی کامپەکە، هێرشەکانی تورکیا و هۆکاری کۆچبەربوونیان و هەروەها هێرشەکانی سەر کامپەکە، زانیارییان دا و داواکاریی کامپەکەیان پێشکەشکرد، ئاماژەشیان بەوەکردووە "کە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق بەپێی یاسا کاریان نەکردووە و مافی پەنابەرانیان نەپاراستووە و داوایانکرد کە ئەرکی خۆیان بەجێبێنن".
هەر بەپێ هەواڵی ئاژانسەکە، "ئەندامانی شاندەکەی بەغداش وتیان کە ئەوان زانیاریی و داواکاریی کامپەکەیان وەرگرتووە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن و دەیگەیەننە شوێنە پەیوەندیدارەکان، جەختیشیان لەوەکردەوە کە ڕێگاچارەکان تاوتوێ دەکەن، بۆ ئەوەی پێش لە هێرشەکان بۆ سەر کامپەکە بگیرێت"، نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێتەوە بۆ کامپەکە و ڕێوشوێنی ئەمنیی بگیرێتە بەر و هاوکاریی مرۆیی بگاتە کامپەکە.
دوای کۆبوونەوەکە، شاندەکەی بەغدا، لەگەڵ شاندی کامپەکە، سەردانی چەند خانەوادەیەکیان کرد و گوێیان لە کێشەکانیان ڕاگرت، هەروەها چوونە شوێنێ هێرشەکە و لێکۆڵینەوەیان کرد، دەستنیشانیان کرد کە بەردەوامیی بە سەردانەکەیان دەدەن و هەوڵدەدەن هاوکاریی پێویست بگەیەننە کامپەکە، بەمشیوەیەش کۆتاییان بە سەردانەکەیان هێنا و گەڕانەوە بۆ بەغدا.
PM:02:37:14/06/2021
ئهم بابهته 1704
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت