بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار داوای قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان دەکرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عیراق رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە پێداویستیەکانی هاوڵاتیان نرخیان بەرزبووەتەوە و پێویستە حکومەت قەرەبووی هاوڵاتیان بکاتەوە.



فازڵ غەڕاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عیراق رایگەیاند، ئەو کەسانەی داهاتێکی کەم و دیاریکراویان هەیە بەهۆی سیاسەتی حکومەت و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلارەوە زیانیان بەرکەوتووە.

راشیگەیاندووه‌، هاوشانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گرانبوونی نرخی شتومەکەکان، هاوڵاتی بەدەست ژمارەیەکی دیکەی کێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حکومەت قەرەبووی هاوڵاتیان بکاتەوە.

بانکی ناوەندی عیراقی لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا رایگەیاند: یەدەکی دراوی بیانی گەیشتووەتە 56 ملیار دۆلاری ئەمریکی و یەدەگی ئاڵتۆنیش پێنج ملیار ملیار و 703 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، بانكی ناوەندی عیراق بڕیاریدا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبكاتەوە، بەجۆرێک نرخی 100 دۆلاری بەرامبەر 145 هەزار دیناری عیراقی بۆ هاوڵاتیان دیاریکرد، ئەوەش بووەتە هۆی ناجێگری بازاڕ.

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەشێكە لەو رێوشوێنانەی حكومەتی عیراق بەنیازە لە ساڵی 2021 بیگرێتە بەر لە پێناو كەمكردنەوەی ئاستی كوردتهێنانی بودجە.

ئاژانسی هەواڵی عیراق لە زاری مستەفا موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، "وەزارەتی دارایی بەفەرمی داوای لێکردین نرخی یەک دۆلار بۆ هەزار و 450 دیناری عیراقی بەرزبکەینەوە"، راشیگەیاند، "یەدەگی دراوی عیراق تائێستاش باشە".


PM:11:48:11/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 8848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت