لاهور شێخ جەنگی: یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە دەستێوەردانە

‌لاهور شێخ جەنگی و باڵیۆزی کەنەدا

وێستگه‌ نیوز ـ
هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە دەستێوەردانن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی بکرێت.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق ئاماژەی‌ بەوەشکرد، بەلای ئەوانەوە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و لەو رێگەیەوە دەتوانن گۆڕانکاریی راستەقینە بکەن.

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا".

باسی لەوەشکرد، گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و رێگەی ئاشتی، باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان.

یەکێتی؛ یەکێکە لە حزبە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێم و پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆکی حکومەت و شەش وەزیر و چەندین بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی هەیە.

لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقیشدا، یەکێتی لەگەڵ گۆڕان بە فەرمی هاوپەیمانی پێکهێناوە و لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵیشدا لە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردنەکاندا لێکتێگەیشتنی هەیە.




PM:06:02:11/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 1376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت