سەرۆکوەزیرانی یۆنان: بەم نزیکانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان، لە ئەسینای پایتەخت کۆبووەوە و سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایگەیاند کە بەم نزیکانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان و پەرەسەندنەکانی عیراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، هیواشی خواست کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆك وەزیرانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ببینێت.

باس له‌وه‌شكراوه‌، سەرۆك وەزیرانی یۆنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندا و بە سەردانێکی مێژوویی ناوبرد کە یەکەمجارە سەرۆك وەزیرانێکی هەرێمی کوردستان سەردانی یۆنان دەکات.

سەرۆك وەزیرانی یۆنان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەشی بەوەدا کە بەم نزیکانە، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومی و وەبەرهێنەرانی یۆنانی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، پەرەسەندنەکانی‌ ناوچەکە بەگشتی‌، رووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕی‌ داعش، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.


PM:04:50:11/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو