دەستەی دەستپاکی: وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەردەوامە


وێستگەنیوز-

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەچوارچێوەی یاسای چاکسازی لەموچە، دەرماڵ و خانەنشینی فەرمانبەراندا، پرۆسەی وردبینکردن لەدۆسیەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەردەوامی هەیە وھەر فەرمانبەرێکیش بە نایاسایی پلەی بەرز کرابێتەوە، لێی وەردەگیرێتەوە.

دەستەی دەستپاکی ھەرێم لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، ھەموو وەزارەتەکان راسپێردراون لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران بکەن و لە ئێستاشدا پرۆسەی وردبینیکردن لە وەزارەتەکان بەردەوامە، ھەر فەرمانبەرێک بە نایاسایی پلەی بەرز کرابێتەوە، پلەکەی لێوەردەگیرێتەوە.

ئەوەش هاتوە، ھەر کاتێک وردبینیکردن لە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو کرا، لیژنەی باڵای چاکسازی بڕیار لەسەر پلە نایاساییەکان دەدات و داھاتێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.

11ی (کانونی یەکەم/12)ی 2019 ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە موچە، دەرماڵەو خانەنشینی پەسەندکرد، پاشان لە 16ی (کانونی دوەم/1)ی 2020دا، یاساکە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکرا، لە یەکی (تەموز/7)ی 2020دا حکومەت دەستی بە جێبەجێکردنی یاساکە کرد.

پێشووتر عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆن کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاندبوو، "پڕۆژەی چاکسازی پڕۆژەیەکی ناتەواوە، چونکە دەبوایە سەرەتا چاکسازی لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت نەک چاکسازی لە خەرجییەکان بکرێت، لەناو خەرجییەکانیش چاکسازی تەنها لەموچە و لەموچەشدا تەنها خانەنشینی و بابەتی دەرماڵەکانی گرتوەتەوە".


PM:01:26:11/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو