یەکێک لە تۆمەتبەرانی تەقینەوەکەی بەغدا کارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە


وێستگه‌ نیوز-
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تەقینەوەکەی پێنجشەممەی رابردوو لە ناوچەی کازمیە لە باکووری بەغدا "تیرۆریستییە" و یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقینەوەکەش کارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە.
 
لیوا سەعد مەعن، کە هاوکات سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنییە لە عێراق، لە راگەیه‌ندراوێکدا رایگەیاند: "دوای تێپەڕینی 15 کاژێر بەسەر تەقینەوەکەی ناوچەی کازمییە لە بەغدا؛ دوو تۆمەتبارمان لە بەغدا و دەرەوەی بەغدا دەستگیر کرد؛ یەکێک لەو دوو تۆمەتبارە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە".

 لیوا سەعد مەعن ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: "راستی وردەکارییەکانی تەقینەوەکەی کازمییەمان شاردەوە بۆ رێگەدان بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان؛ بۆیە لە رێگەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رامانگەیاند؛ هۆکاری رووداوەکە تەقینەوەی بوتڵی غاز بوو، دواجار هەر کە لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون تۆمەتبارانمان دەستگیرکرد".
 
تەقینەوەکەی رۆژی پێنجشەممە 3ی حوزەیرانی 2021 لە کازمییە لە باکووری بەغدا؛ 2 کوژراو و 18 برینداری لێکەوتەوە، ناوچەی کازمییە لە بەغدا ناوچەیەکی شیعەنشینە و بەهۆی مەزارگەی ئیمام موسای کازم؛ کە یەکێکە لە 12 ئیمامەکەی شیعەکان، زیارەتکارانی شیعە دەچنە ئەو ناوچەیە و بەردەوام قەرەباڵخە.

 


PM:12:49:07/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت