وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ جووتیاران: پارەکانتان لە نرخی گەنم لە بۆرسەی جیهانی گرانتر وەریدەگرن


وێستگه‌ نیوز-
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پارەکانتان دواناکەوێت و لە نرخی گەنم لە بۆرسەی جیهانی گرانتر وەریدەگرن.
 
شەیما جەمال کوێخا، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "بۆ ئەوەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناچار نەبن ئەو بڕە گەنمەی هەیانە لە بازاڕی رەش هەرزانفرۆش بکەن و زەرەرمەندبن، بۆیە هەرێمی کوردستان خۆی گەنمەکەیان لێدەکڕێت و یەکسەر پارە بە جووتیاران دەدرێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان  ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئەم بڕیارە دراوە کە کاریگەریی باشی هەیە لەسەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەکی."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانیش لە راگه‌یه‌نراوێكدا  دەڵێت، لە کاتی فرۆشتنەوەی گەنم بەو کۆمپانیایانەی وەزارەتەکە دیاریکردوون، جووتیار پێویستی بە کڕینەوەی پسووڵەی سایلۆکان نابێت کە نرخەکەی ساڵی پار لە نێوان 80 بۆ 100 هەزار دینار بوو.
 
دەقى راگەیه‌ندراوەکە:
 
- پارەی کڕینەوەی گەنم یەکسەر دەدرێت و دوا ناخرێت، بەپێچەوانەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق کە جاری وا هەیە چەندین مانگ و زیاتر لە ساڵێک دەخایێنێت
 
- گەنم بەپێی مواسەفاتی وەزارەتی بازرگانیی عێراقی دەبێت
 
- لێبڕین لە عێراق بە رێژەی 3٪ دەبێت، بەڵام لە کۆمپانیا تەنیا 2٪ دەبێت
 
- وەزیری کشتوکاڵی عێراق پرۆژەکەی زۆر بەلاوە گرنگ بووە و گەرەکییەتی ئەم پرۆژە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێت، داوای لە کۆمپانیاکان کردووە کە بۆ وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران میکانیزمێک دابنێن
 
- ئەم نرخە لە بەرژەوەندیی بەکاربەر و جووتیارە، چونکە ئەم پرۆژەیە ئاردی سفر و ساوار و بروێش و هی دیکە بەرھەمدەهێنێت و دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی ھاوردە، زیاتر پشتبەستن بە بەرھەمی ناوخۆ رکابەریی بەرھەمی دەوروبەر دەکرێت
 
- لە بۆرسەی جیھانی نرخی گەنم لەنێوان 300 بۆ 305 دۆلار دەبێت کە باشترین کوالێتی لە رێژەی پرۆتین وەک لۆتین هەیە کە زۆر باشترە لە کوالێتیی گەنمی ناوخۆ، نرخی گەنمی ناوخۆ بە 330 دۆلار دەبێت
 
- پێویستە گەنمی ناوخۆ بگاتە ئاستێک بتوانێت رکابەریی گەنمی ھاوردە بکات
 
- جووتیار دەتوانێت قەرزەکان زووتر بداتەوە لە بنەتۆ و قڕکەر و پەینی کیمایی لە پارەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکە
 
- لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق رێژەی وەرگرتن لەنێوان 10 بۆ 12٪ تێپەڕناکات، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایانە ھەموو گەنمی بەرھەمھاتوو لە جووتیاران وەردەگرنەوە
 
- رێژەی قازانجی کۆمپانیا لە 10٪ تێناپەڕێت، ئەوەش دوای بەرھەمھێنانی ھەموو بەرھەمەکان لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی دانیشتووان و جووتیاران بۆ ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک خەڵک زەرەرمەند نەبێت.
 
- جووتیار پێویستی بە چاوەڕوانیی زۆر نییە و لە چەند شوێنێک دەتوانێت گەنم رادەست بکات، واتە سەرەی پێویست نییە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، کرێی کەمتر بێتە سەر بارهەڵگرەکان
 
- ھەموو باری گەنمەکە هەژمار دەکرێت، واتە سەرجەم پارەکە رادەستی سایلۆکە دەکرێت
 
- ئەم بڕیارە لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیی جووتیاران و ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ دراوە، هەروەها ئەم بەرهەمانە نزیکەی شەش ملیۆن کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن


AM:11:32:07/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت