ئێران دەیەوێت رێککەوتنی جەزائیر لەگەڵ عیراق بۆ پرسی ئاو زیندو بکاتەوە

‌بێ ئاوی تەنگی بە عیراق هەڵچنیوە

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند، شاندێکی عیراقی بۆ تاوتوێکردنی بڕینی ئاوی عیراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی تاران بکات. دەشڵێت، "لایەنی ئێرانی بەنیازە دۆسیەکە بە رێککەوتنی جەزائیری ساڵی 1975ەوە ببەستێتەوە".



مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق ئاشکرای کرد، لایەنی ئێرانی دەیەوێت دۆسیەی ئاو بە رێککەوتنی جەزائیرەوە ببەستێتەوە، کە ساڵی 1975 لە نێوان ئێران و عیراق واژۆکراوە و بڕگەیەکی تایبەتە بە دابەشکردنی ئاو.

حەمدانی باسی لەوەشکرد: عیراق هەوڵدەدات دۆسیەی ئاو لە رێککەوتنی جەزائیر جیابکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی تاران پێداگریی لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، هیچ لۆژیک نییە ئێران بڕێکی ئاوی زۆر لە خاکەکەیدا گلبداتەوە و نەهێڵێت بۆ عیراق بەربدرێتەوە، چونکە ئەو رەفتارە پێچەوانەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

هاوکات، وتیشی، کەمبارانی زیانی بۆ هەموو لایەک هەبووە، هەر بۆیە دەبێت تورکیا و ئێران لەگەڵ وڵاتانی رێژنە زیانەکانیان دابەش بکەن.

لە 6ی ئازاری 1975 حکومەتی عیراق بە نوێنەرایەتی سەدام حسێن، جێگری سەرۆککۆماری عیراقی ئەوکات و محەمەد رەزاشای پەهلەوی، بەسەرپەرشتی هۆواری بۆمدین، سەرۆکی ئەوکاتی جەزائیر رێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆکرا تیایدا بڕیایردرا بە گوێرەی هێڵی تالۆک، لە دەستنیشانکردنی سەرچاوە و رێڕەوە ئاوییەکاندا کێشەی ئاو لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە هۆی وشکەساڵی و کەمبارانییەوە هەریەک لە عیراق و ئێران رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بوونەتەوە. هاوکات، بەهۆی  گلدانەوەی ئاو لەلایەن ئێران و تورکیاوە کاریگەرییەکانی لە چەند هەفتەی رابردوودا بە روونی لەسەر پارێزگای دیالە و هەرێمی کوردستان و رووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەرکەوتووە و بەمەش قەیرانەکەی لە عیراق قوڵتر کردووەتەوە.


AM:09:10:31/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو