بەشار ئەسەد بە سەرۆکی سوریا هەڵبژێردرایەوە

‌بەشار ئەسەد

وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی سوریا رایگەیاند، بەشار ئەسەد بەبەدەستهێنانی 95.1%ـی دەنگی دەنگدەران بۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆک کۆماری سوریا هەڵبژێردرایەوە.

حەمودە سەباغ، سەرۆکی پەرلەمانی سوریا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆکی ئێستای وڵات بەبەدەستهێنانی زیاتر لە 13 ملیۆن دەنگ کەدەکاتە  95.1%ـی دەنگی دەنگدەران، جارێکی دیکە بە سەرۆکی سوریا هەڵبژێردرایەوە

بەبێ بەشداریکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەو ناوچانەی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە کۆنتڕۆڵکراون، دوێنێ چوارشەممە 26ی ئایار پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریا بەڕێوەچوو.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریا بەشار ئەسەد، عەبدوڵا عەبدوڵا و مەحمود مەرعی خۆیان کاندید کردبوو، ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردبوو باسیان لەوەکرد هەڵبژاردنەکە و ململانێکانی "روکەشە"، چونکە بەهەڵبژاردنەوەی بەشار ئەسەد کۆتایی دێت، بەتایبەت کەلە هەڵبژاردنی 2014ش ئەسەد 88%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

پەیوەست بە بەشداری ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەریش لەهەڵبژاردنەکە، پێشوتر ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاندبوو بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سوریادا ناکەن و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆشیان هیچ ئاسانکارییەکی بۆ ناکەن.

باسی لەوەشکردبو، "ئێمە چەند جارێک رامانگەیاندوە پەیوەندیمان بەهیچ هەڵبژاردنێکەوە نییە؛ کە ئامانجی سورییەکان سەبارەت بە ژیان و مافەکانیان و بەشداری سیاسییان بەدیناهێنێت، هاوکات ئێمە ئاسانکاری بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێک ناکەین کە پێچەوانەی ناوەڕۆکی بڕیاری ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت".

هاوکات ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا هەڵبژاردنەکە بە یاسایی و رەوا نازانن و ئامادەنین دانی پێدا بنێن.


PM:11:51:27/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 5688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت