گروپى رهبعهڵڵا: تا 48 كاتژمێر وهڵاممان نهدرێتهوه ئهوا هێرش دهكهینه سهربانكهكانى عیراق
وێستگه نیوز-
گرووپی چەکداری رەبعەڵڵا له كورته ڤیدیۆیهكدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن، کارمەندانی حەشدی شەعبی کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراونەتەوە، بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان، ئەگەرنا هێرش دەکەنە سەر بانکەکان.
لە گرتە ڤیدیۆکەی گرووپی چەکداری رەبعەڵڵا، راگەیێندراوێک دهخوێننهوه و دەڵێن: "دوای ئەوەی گەندەڵکاران گەندەڵییەکەیان زیاتر کرد، ئامانجەکانیشیان یەکبوونە دژی جیهادکارەکانی حەشدی شەعبی، کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراون، بەبێ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە، ئێمە بزووتنەوەی رەبعەڵڵا و قەڵغانی حەشدی جیهادکار، بۆ دواجار هۆشداری دەدەینە ئەوەی پشتیتێکردووین و حکومەتەکەی کازمیش، کە مافەکانمانی پشتگوێخستووە، ئێمە 48 کاتژمێر مۆڵەتتان پێدەدەین لە بەرواری بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوەوە بۆ ئەوەی بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن بەبێ دواکەوتن، ئەگەرنا هەڵوێستمان دەبێت دژی بانکەکان کە پارەی ئێمەتان تێیاندا کۆگا کردووە".
لە چەند رۆژی رابردوودا سەدان کارمەندی پێشووی حەشدی شەعبی، کە دەوترێ گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراونەتەوە و لە بنەڕەتدا بە هۆکاری جیاجیا بە فەرمی لە ریزەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دانەمەزرێندراون، لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد هاوشێوەی کارمەندە دامەزراوەکانی حەشدی شەعبی مووچەی مانگانەیان پێبدرێت.
گرووپی رەبعەڵڵا لە 25ى ئازارى 2021، دا نمایشێکی چەکداری لە بەغدا کرد و تێیدا ستایشی ئەو پەرلەمانتارانەی كرد كە داوای كەمكردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلاریان بەرامبەر دیناری عێراق دەكرد، گرووپەکە ئەوکات هۆشداریشی دایە ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بە مەبەست پەسندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی دوادەخەن لە پێناو دەستكەوتی تایبەت، گرووپەکە هەروەها هۆشداریدا لە پەسندکردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 دا.
PM:02:53:09/05/2021
ئهم بابهته 4348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت