پنتاگۆن: لەکات و شوێنێکدا کە خۆمان دیاری دەکەین وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە لە عێراق دەکرێتە سەرمان


وێستگەنیوز-

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لەکات و شوێنێکدا کە خۆیان دیاری دەکەن وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە لە عێراق دەکرێتە سەریان، جەختیش دەکاتەوە "پاراستنی هێزەکانمان ئەولەویەتی ژمارە یەکە بەلای ئێمەوە".

جۆن کیربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بەرۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، "پاراستنی هێزەکانمان ئەولەویەتی ژمارە یەکە بەلای ئێمەوە، لەحاڵێکدا باوەڕمان بەوە کرد پێویستە وەڵامی هێرشەکان بەهەر شێوەیەک لە شێوەکان بدەینەوە، ئەو کارە لەکات و شوێنێکدا دەکەین کە خۆمان هەڵیدەبژێرین و کەس روودانی ئەو جۆرە هێرشانە ناخوازێت، بۆیە بەشێوەیەکی زۆر ورد چاودێری دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پابەندین بە ئەرکەکانمانەوە لە عێراق کە لەسەر داوای حکومەتی عێراقی جێبەجێ دەکرێن بۆ یارمەتیدانیان لە روبەڕووبونەوەی داعش، هەروەها ئەمریکا لەڕێگەی بەرزکردنەوەی توانای هێزە عێراقییەکانەوە، دەیەوێت سنورێک بۆ بەهێزبوونەوەی داعش دابنێت".

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەوەشی خستوەتەڕو، "چاودێری و لێکۆڵینەوەی چڕ لەو هێرشانە دەکەین کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکاتە ئامانج".


PM:10:26:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو