خەسرەو گۆران: لەبەر رێکنەکەوتن لەسەر دیاریکردنی كاندید لە ناوچە جێناكۆكهكان هاوپەیمانێتی پێکنەهێنرا
وێستگه نیوز-
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیهنێت، پێشتر بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی کارگێڕیی حکومەتی هەرێم هەوڵێک هەبوو کە هاوپەیمانێتییەک دروست بکەین، ئاماژه بهوهدهكات لەبەر رێکنەکەوتن لەسەر دیاریکردنی كاندید لە ناوچە دابڕێنراوەکان هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی سەری نەگرت.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان له دیدارێكى رۆژنامهوانیدا رایگهیاندووه، پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییه، پێشتر بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی کارگێڕیی حکومەتی هەرێم هەوڵێک هەبوو کە هاوپەیمانێتییەک دروست بکەین، بەڵام لەبەر رێککنەکەوتن لەسەر دابەشکردن و چۆنیەتیی دیاریکردنی بەربژێری هەر لایەنێک، بە تایەبەتی لایەنە سەرەکییەکان، هەوڵەکە سەری نەگرت.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئهوهشى خستهڕوو، هەردەم هاوپەیمانێتی لە پەرتەوازەیی باشترە و عەرەب دەڵێت: 'الاتحاد قوه' "یەکگرتن هێزە"، ئەوە بۆ هەموو سەردەم و شوێنێک دروستە، ئەگەر سیستمەکە وەک ئەوەی پێشوو بووایە و هاوپەیمانێتی نەبووایە، ئەوا زۆر زۆر زیانمان دەکرد، بەڵام ئەم جارە زیانەکە کەمترە، چونکە ئەگەر هاوپەیمانێتییش نەبێت، بەربژێر هەن، ئێستاش ئەگەر هاوپەیمانێتی نەبێت، ئومێدەوارین ئەو بەربژێرانەی سەر دەکەون لە بەغدا بەرامبەر بە لایەنەکانی دیکە هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دروست بکەن بۆ ئەوەی دەستکەوتمان هەبێت.
خەسرەو گۆران دهشڵێت: "ئێمە پەیوەندی و دۆستایەتیمان لەگەڵ زۆربەی لایەنەکاندا هەیە و بە دڵنیاییەوە بۆ هەڵبژاردنەکەیش هاوئاهەنگی دەکەین، بەڵام هەڵبژاردنی ئەم جارە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیاوازە، پێشووتر هاوپەیمانێتی زۆر گرنگ بوو، چونکە لیست بوو، بەربژێری هەموو لایەنەکان لەناو ئەو لیستەدا بوون و دەنگیان دەدرایێ و کێ لەو لیستەدا سەربکەوتایە گرنگ نەبوو، ئێستاکە ئەگەر هاوپەیمانێتییش بێت، دەبێت دەنگ بە تاکە کەسێک بدەیت کە ئەمەیش جیاوازییەکەی زۆر گەورەی بۆ هەر لایەنێک هێناوەتە ئاراوە.
کۆمیسیۆن مۆڵەتی بە 267 لایهن داوە کە 49 حیزبیان هێشتا لە قۆناخی دامەزراندندان و تەنیا 126ـیان نیازیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەربڕیوە، ژمارەی هاوپەیمانێتییە سیاسییە پەسندکراوەکانیش گەیشتووەتە 42 دانە.
بەپێى وتەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: "ئەگەری هەیە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەندێک نشکێوە "سوپرایز" لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە سیستمە لە زیانی حیزبە بچووکەکاندایە نەک گەورەکان. هەرچۆنێک بێت، ئێمە وەکو پارتی لەو بڕوایەداین کە لەو سیستمەدا کەمترین زیان بکەین، ئەم سیستمە بۆیە لە زیانی حیزبە بچووکەکاندایە، چونکە پێشان لایهنێكى بچووک دەیتوانی لەسەر ئاستی پارێزگاکە هەموو دەنگەکانی کۆ بکاتەوە و بیدات بە بەربژێرێک یان بە دووان و دەریبچاندنایە، بەڵام ئەم جارە بەو جۆرە نەماوە و پارێزگایەک بووەتە سێ-چوار بازنە، قورسترە بۆ ئەوان کە دەنگەکانیان کۆ بکەنەوە و بەربژێرێکیان دەربچێنن ئەگەر لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکەی بچووکدا یەکنەگرن.
خەسرەو گۆران لهبارهى ژمارهى كورسییهكانهوه وتی: "هەوڵ دەدەین ئەو ژمارە کورسییەی لە پەرلەمانی عێراقدا هەمانن بیانپارێزین و هەموو کارێکیش دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکەمان."
بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و 329 کەس وەکو نوێنەرانی گەل بچنە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە 30 پارێزگا و 30 بازنەی هەڵبژاردندا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری دەکات و بۆ سەرجەم بازنەکان 55 بەربژێری هەیە.
PM:03:49:06/05/2021
ئهم بابهته 1684
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت