دکتۆر کەریم قەرەچەتانی هۆکاری سکاڵا تۆمارکردنی لە مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید ئاشکراکرد

‌مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید، د.کەریم شەریف قەرەچەتانی

وێستگە نیوز-

دکتۆر كەریم قەرەچەتانی دەڵێت، "من کە وتومە خودای گەورە دەفەرموێت کفر دەکەیت ئیمانت دەبێت تۆ ئازادی، بەڵام دەبێت لە رۆژی حساب باجەکەی بدەیت خۆ بەشی ئەوە شارەزایمان لە دین ھەیە". دەشڵێت، "ئەگەر بە بۆچوونی ئەو 'مامۆستا ئاینییە' من ھەڵەم کردبێت باشە بۆ باسی خێزان و منداڵاکانم دەکات؟".


دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، دەرونناس و مامۆستای زانکۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگە نیوز ناردووە، هۆکاری سکاڵا تۆمارکردن لە هەڵۆ حەمەڕەشید پێشنوێژ و وتارخوێن ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "من تەنھا وتومە ھەق نیە مامۆستای ئاینی ژن بە تەڵاقدان بدات ئەی ئەو ژنەو منداڵەکانی دوای تەڵاق چیان بەسەر دێت دەبێت مامۆستا رێگاچارەیان بۆ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کابرا بگەرێتەوە، من کە وتومە خودای گەورە دەفەرموێت کفر دەکەیت ئیمانت دەبێت تۆ ئازادی بەڵام دەبێت لە رۆژی حساب باجەکەی بدەیت خۆ بەشی ئەوە شارەزایمان لە دین ھەیە".

ئەو دەشڵێت، "لەوە دەچێت ئەو مامۆستا بەرێزەی منی تاوانبار کردووە چاوپێکەوتنەکەی منی نەبینی بێت و کەسانێک بۆیان باسکردبێت، چونکە لە ڤیدیۆکەی دەڵێت راستە خودا فەرموویەتی کفر دەکەیت بیکە، بەڵام دەبوایە بیشی وتایە کە خودا لە رۆژی قیامەت دەیخاتە دۆزەخ، ئێ من ئەوەم لە چاوپێکەوتنەکە وتووە کە رۆژی حساب ھەیە، بۆیە گومانم ھەیە بینیبێتی".

قەرەچەتانی بڕیاریدابوو رۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی هەڵۆ حەمەڕەشید مامۆستای ئاینی بداتەوە، بەڵام بە وتەی خۆی، "لەسەر داوای ژمارەیەک مامۆستای ئاینی کە پەیوەندیان پێوە کردووە و کۆمێنتیان بۆ نووسیوە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی رۆژی شەممە ناکات".

ئاماژە بۆئەوەش دەدات، "بەڵام  پەنا بۆ یاسا دەبەم و لە دادگا شکات لە ئەو مامۆستا بەرێزە دەکەم و ھەردوو ڤیدیۆکە پێشکەش بە دادگا دەکەم و با لە دادگا  ئەو تۆمەتانەی داویەتە پاڵم و خەڵک لە دژم ھاندەدات و مەبەستی ناوزڕاندنی منە، بیسەلمێنێ، دادگاش ھەر بریارێک بدات من ملکەچی دەبم".

ئەو دەشنوسێت، "من نازناوی زانستیم بە توێژینەوەی زانستی و بە ماندوو بوونی خۆم وەرگرتووەو زانکۆ بە منی داوە، ئەی بە چ حەقێک بۆ سوکایەتی لە جیاتی پرۆفیسۆر پێم دەڵێ ترۆفیسۆر ئەمە نەک سوکایەتیە بە من بەڵکوو بە ھەموو مامۆستایانی زانکۆ.باشە ئەگەر ئەو مامۆستا بەرێزە لە دین زانایەو من نەزان  بە چ ئایەتێک بە من دەڵێت فڵتە فڵت و  چەندەھا وشەی ناشیرینی تر لە کوێش لە ماڵی خودا؟ باشە خودای گەورە نافەرموێ بە باشترین شێوە مجادەلەیان لەگەڵ بکەن، ئەم زمانە بازاری و پڕ جنێوە زمانی مامۆستای ئاینیە؟".

دەقی ڕوونکردنەوەی د. کەریم شەریف قەرەچەتانی

ھاوڕێیانی خۆشەویست دیارە ھەندێکتان باش چاو پێکەوتنەکەی منتان نەبینووە بۆیە دەڵێن باسی دینت کردووە کە ئەوە پسپۆڕی تۆ نیە، راستە دین پسپۆری من نیەو من نەم وتووە ئەو ئایەتە نیە، من تەنھا وتومە ھەق نیە مامۆستای ئاینی ژن بە تەڵاقدان بدات ئەی ئەو ژنەو منداڵەکانی دوای تەڵاق چیان بەسەر دێت دەبێت مامۆستا رێگاچارەیان بۆ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کابرا بگەرێتەوە، من کە وتومە خودای گەوەر دەفەرموێت کفر دەکەیت ئیمانت دەبێت تۆ ئازادی بەڵام دەبێت لە رۆژی حساب باجەکەی بدەیت خۆ بەشی ئەوە شارەزایمان لە دین ھەیە.

بەڵام لەوە دەچێت ئەو مامۆستا بەرێزەی منی تاوانبار کردووە چاوپێکەوتنەکەی منی نەبینی  بێت و کەسانێک بۆیان باسکردبێت، چونکە لە ڤیدیۆکەی دەڵێت راستە خودا فەرموویەتی کفر دەکەیت بیکە بەڵام دەبوایە بیشی وتایە کە خودا لە رۆژی قیامەت دەیخاتە دۆزەخ، ئێ من ئەوەم لە چاوپێکەوتنەکە وتووە کە رۆژی حساب ھەیە، بۆیە گومانم ھەیە بینیبێتی.

لە لایەکی ترەوە بەڕێزان ئەگەر بە بۆچوونی ئەو من ھەڵەم کردبێت باشە بۆ باسی خێزان و منداڵاکانم دەکات؟ باشە بە قسەی ئەو ئەگەر من لە دین نازانم و ئەو زانایە ئەی خودای گەورە نافەرموێ ھیچ کەس کۆڵی گوناھی کەسانی تر ھەڵناگرێت، ئەی ئەمە پێچەوانەی ئەو ئایەتە نیەو گوناحی ماڵ و منداڵم چییە؟

لە لایەکی ترەوە من نازناوی زانستیم بە توێژینەوەی زانستی و بە ماندوو بوونی خۆم وەرگرتووەو زانکۆ بە منی داوە، ئەی بە چ حەقێک بۆ سوکایەتی لە جیاتی پرۆفیسۆر پێم دەڵێ ترۆفیسۆر ئەمە نەک سوکایەتیە بە من بەڵکوو بە ھەموو مامۆستایانی زانکۆ.
باشە ئەگەر ئەو مامۆستا بەرێزە لە دین زانایەو من نەزان  بە چ ئایەتێک بە من دەڵێت فڵتە فڵت و  چەندەھا وشەی ناشیرینی تر لە کوێش لە ماڵی خودا؟ باشە خودای گەورە نافەرموێ بە باشترین شێوە مجادەلەیان لەگەڵ بکەن، ئەم زمانە بازاری و پڕ جنێوە زمانی مامۆستای ئاینیە؟.

بەڕێزان دەبوایە ئەم مامۆستا بەڕێزە یەکەمجار رابردووی من بزانیایەو یەکێک لە ئەو ٢٣ کتێبەی منی بخوێندایەوە یان چەند ھەڵقەیەکی لە بەرنامەکانم ببینیایە کە لەساڵی١٩٩٣ لە راگەیاندنەکان پێشکەشم کردوون ئەگەر یەک وشەی تەنھا یەک وشەی ببینیایە کە من دژی دینە ئەو کاتە ئەو مافەی بەخۆی بدایە کە ئەو قسانە بکات من تۆمەتبار بکات، باشە کاتێک من ھەرزەکار بووبم یەک وشەم دژی دین نەوتبێ چۆن ئێستا تەمەنم ٦٢ ساڵ بێت دژی دین قسە دەکەم.   \

د.کەریم شەریف قەرەچەتانی
٢٠٢١/٥/٥


PM:08:33:05/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 17164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو