سعودیە بڕیار لەسەر حەجی ئەمساڵ دەدات

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی سعودیە تاووتوێی ئەگەرەکانی بەڕێوەچوونی فەریزەی حەج دەکات و چەند ئەگەرێکی لە بەردەمدایە تا بڕیار بدات.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، رەنگە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەو پلانەی دایاننابوو بۆ پێشوازیکردن لە حاجیانی بیانی لە ئەمساڵدا هەڵپەسێررێن.

رۆیتەرز راشیگەیاندووە، بەم هەنگاوەش حکومەتی سعودیە جگە لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، رێگەنادات هاوڵاتیانی بیانی لە دەرەوە بێنە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە بە ئامانجی ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هەیە دەسەڵاتدارانی سعودیە مەرجی تەمەن دابنێن و ئەگەریش هەیە ئەو حاجیانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە رێگەیان پێبدرێت فەریزەی حەج ئەنجامبدەن.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم ئەگەرانەوە بەردەوامن و نەبوونەتە بڕیاری کۆتایی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی سعودیە رێگەی نەدا حاجیان و عەمرەکارانی بیانی بچنە ئەو وڵاتەوە، تەنها هاوڵاتیانی وڵاتەکەی توانیان فەریزەی حەج بە گرتنە بەری رێکاری خۆپارێزی توندەوە ئەنجامبدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بە وتەی نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ئەمساڵ تەنها 200 کەس گەشتی عەمرەیان ئەنجامداوە لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو تا ئەم کاتە زیاتر لە ٢٦ هەزار کەس گەشتی عەمرەیان دەکرد.


PM:04:50:05/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت