لە کەرکوک بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێتەوە


وێستگە نیوز-

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقەوە ئەوە ئاشکرادەکات، "بەھۆی زیادبوونی مەترسیی داعشەوە، حکومەت رازیبووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی "کەی وەن" لە کەرکوک بکرێتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە، " بەھۆی زیادبوونی مەترسی چەکدارانی داعش و ھێرشی رۆژانەی چەکدارەکان بۆ سەر ھێزە عێراقییەکان، حکومەتی عێراق رازی بووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە "کەی وەن" لە کەرکوک بکرێتەوە".

قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاندووە، "حکومەتی عێراق داوایکردووە بە زووترین کات ژووری ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، چونکە دەمێکە بڕیاری لێ دراوە و داوا کراوە بە زوویی جێبەجێ بکرێت و دەست بە دروستکردنیان بکرێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێستا بەھۆی مەترسی داعش رازی بوون ئەو کارە بە ھاوبەشی بکرێت و بە رەزامەندی ھەردوولا بێت، بۆیە دەست بە رێکارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو چوار ژوورەی بڕیاریان لێ دراوە، دروست بکرێن، "چونکە داعش بووەتە مەترسیەکی جددی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق زیادیکردووە و شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی دەگەرێننەوە لە هەندێک ناوچەی نێوان عێراق و هەرێمدا.


PM:09:39:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت