بزوتنەوەی گۆڕان: پەسەندکردنی سزای زیندانیانی بادینان دەبێتە خاڵێکی رەش لە مێژووی هەرێم

‌بزوتنەوەی گۆڕان

وێستگە نیوز-

رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "بڕیاری پەسەندکردنی زیندانیانی بادینان  یەکێک دەبێت لەو خاڵە "رەشانەی مێژوی هەرێمی کوردستان، کە وادەکات بێ متمانەیی زیاتربێت بەدامەزراوەکانی دەسەڵاتی دادوەری دروستببێت و ئەوەش پێشهاتێکی یاسایی خراپە لەسەر ئازادی رادەربڕین".

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە دادگای پێداچونەوەی ھەرێم سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد. چۆمان محەمەد، رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە، "بڕیار سزادانی چالاکوانانی بادینان کە لەماوەی رابردودا لەسەر ئاستی هەرێم و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان قسەی لەسەر کراوە و پێشێلکارییەکانیان خستوەتەڕو، هەروەها پارێزەری دەستگیرکراوەکانیش کەموکوڕییەکانی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان باس کردوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەساتی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە لەسەر خەت بوە بۆ چارەسەری کێشەکەیان و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکەیان بەشێوەیەکی یاسایی".

ئاماژە بەوەشکردووە، "ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک لەتەوەرەکانیان قسەکردن بوە لەسەر ئەم دۆسیەیە، چونکە ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بە ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستان و کاری رۆژنامەنوسی و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بۆیە بەرگری بزوتنەوەکەیان لەو روانگەیەوەیە ئەو دۆخە رووبەڕوی هەموان دەبێتەوە".

رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستۆتەڕوو، "بڕیاری دادگای پێداچونەوەی هەرێم بۆ پەسەندکردنی زیندانیکردنی چالاکوانان یەکێک دەبێت لەو خاڵە رەشانەی مێژوی هەرێمی کوردستان، کە وادەکات بێ متمانەیی زیاتربێت بەدامەزراوەکانی دەسەڵاتی دادوەرییەوە دروستببێت و پێگەی هەرێمیش لەسەر ئاستی دەرەوە ناشیرن دەکات، هەروەها بڕیارەکە دەبێت پێشهاتێکی یاسایی خراپ بەرامبەر ئەو چالاکوانانە کە بەبۆچونی ئێمە هیچ رێکارێکی تاوانکارانەی تێدا نەبوە".


PM:09:27:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو