ئێران كرێی به‌خاك سپاردنی ته‌رمی كۆچكردوانی كۆرۆنا له‌ خانه‌واده‌كانیان وه‌رده‌گرێت

‌گۆڕستانێکی ئێران کە بۆ مردوانی کۆرۆنا دروست دەکرێت.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
لە ماوەی دوو هەفته‌ی رابردوودا حه‌وت کەس لە کەمپێکی پاکبوونەوە له‌ مادە هۆشبەرەکان سەر بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی کرماشان به هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كرێی مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ و گۆڕه‌كانیان له‌ خانه‌واده‌كانیان وه‌رگرتووه‌.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، لە ماوەی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا بە هۆی کەمکاری  بەرپرسانی کەمپێکی سەر بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لە سەرەتای جاددەی سەراو نیلووفەر هەڵکەوتووە، حه‌وت کەس لەو هاووڵاتیانەی کە بەمەبستی پاکبوونەوە لە ماددە هۆشبەرەکان روویان لەو کەمپە کردبوو، تووشی کۆرۆنا بوون و گیانیان لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی کەمپەكه‌ هیچ گرینگی بە کەمپەکە نادەن و کاتێک نەخۆشەکان دەگوازنەوە بۆ ناوەندە پزیشكییه‌كان کە ڤایرۆسەکە بە تەواوەتی کاریگەری خۆی لەسەریان داناوە و دوای مردنیان لەرێگای تەله‌فۆنەوە بنەماڵەکانیان ئاگادار دەکەنەوە و تەنانەت بە بیانووی ئەوەی کە تووشی کۆرۆنا بوون تەرمەکانیان رادەست ناکەنەوە و بە بێ بەشداری خزم و کەس و کاریان و بە شێوەیەکی نهێنی لە گۆڕستانی کرماشان به‌ خاكیان ده‌سپێرن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی هه‌نگاو، یەکێک لەو کەسانەی کە گیانی لە دەستداوە ناوی موسا محەمەدی، خەڵکی گوندی قەڵای شیان-ی سەر بە شاباده‌ کە دوای 48 کاتژمێر لە مردنەکەی بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی لەمبارەوە بە هەنگاوی راگەیاند: "تەرمی موسا بە فەرمانی پشکێنەری دادگای شۆڕشی کرماشان و سەرباری هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەکەی، رادەستیان نەکراوەتەوە و بە بێ بەشداری ئەندامانی بنەماڵەکەی لەیەکێک لە گۆڕستانەکانی کرماشان به‌ خاك سپێردراوه‌".

سەرچاوەکان راشیانگەیاندووە کە تێچووی دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە و به‌ خاكسپاردنه‌كه‌شی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە وەرگیراوە.


PM:03:02:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو