هۆكاری دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی لەلایەن هاوسەرۆكانەوە ئاشكرا دەكرێت


وێستگە نیوز-

سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لەكۆبوونەوەی رابردوویدا بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتی سەرپشك كردووە بۆ سەرپەرشتیكردنی هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان و دیاریكردنی كاندیدەكان.

وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

شەوی رابردوو وێستگە نیوز لەڕێگەی سەرچاوەیەكی تایبەتەوە بڵاویكردەوە كە جگە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتی هیچ سەركردەیەكی دیكەی یەكێتی بەكارگێڕانی مەكتەبی سیاسیشەوە ئاگاداری چۆنیەتی دیاریكردنی كاندیدەكان نین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سەرچاوەیەكی تایبەت لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لەكۆبوونەوەی رابردووی سەركردایەتیدا بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتی سەرپشك كران بۆ سەرپەرشتیكردنی هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان و دیاریكردنی كاندیدەكانیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

سەبارەت بەو راگەیەنراوەی شەوی رابردووی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، سەركردەی دیاری یەكێتیش كە رایگەیاندبوو، وەك سەركردایەتی هەولێر ئاگاداری هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان نین بۆ هەڵبژاردن، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو قسانە راست نین، چونكە لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردوو خودی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵیش ئامادە بووە باسی ئەو رێككەوتنەی یەكێتی و گۆڕان كراوە.

هەروەها دەربارەی ئەگەری خۆكاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ خولی داهاتووی سەرۆكایەتی كۆمار، سەرچاوەكە روونیكردەوە، تائێستا لەنێو یەكێتی ئەو باسە نەكراوە، چونكە ئەو بابەتە چەند مانگێكی ماوە و جارێ زووە بۆ یەكلاییكردنەوەی. 

رۆژی شەممەی رابردوو هاوپەیمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەژێر ناوی (هاوپەیمانی كوردستانی) راگەیەنرا كە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات.


AM:11:35:03/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 9832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو