هۆشداری دەدرێت.. 100 خێزانی داعش دەگەڕێنەوە موسڵ

‌دیمەنێک لە کامپی هۆل

وێستگە نیوز-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریی لە مەترسیی گواستنەوەی ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعش لە کامپی هۆلەوە بۆ باشووری شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا دەدات.

لە راگەیەندراوێکدا، شێروان دووبەردانی سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، "کە خواستێک هەیە بۆ گواستنەوەی نزیکەی 100 خێزانی چەکدارانی داعش کە نزیکەی 700 کەس دەبن لە کامپی هۆلەوە بۆ کەمپی جدعە باشووری شاری موسڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا".

دەشڵێت،  "گواستنەوەی ئەو خێزان و کەسوکارانەی چەکدارانی داعش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای نەینەوا و دەرئەنجامەکەی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق".

سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە،  "داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سنووری نەینەوا و بەرپرسانی پارێزگاکە کردووە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگەگرتن لەم هەنگاوە کە بە وتەی ئەو کاریگەری لەسەر داهاتووی پارێزگاکە دەبێت".

بڕیارە، رۆژی 1ـی ئایار یەکەم کاروانی خێزانە داعشەکان لە کامپی هۆلەوە بۆ موسڵ بەڕێ بکەون کە لە کەمپی جەدعە-1ـی باشووری موسڵ جێگیر دەکرێن. 500 چادریان بۆ هەڵدراوە و رێکخراوی ئای ئۆ ئێن کە تایبەتە بە ئاوارەکان لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و رێکخراوی ئۆچادا ئەو کەمپەیان دروستکردووە.

ئەم کاروانەی یەکەمی خێزان و ماڵباتی چەکدارانی داعش لە 100 خێزان پێکهاتوون کە زیاتر لە 700 کەسن کە رۆژی 2ی ئایار 250 کەسیان دەگەنە کەمپەکە.


PM:12:31:29/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت